وەزارەتی کارەبا: نیوەی هاونیشتمانییان لە مانگی 5ـدا کەمتر لە 38 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە
بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، زۆرینەی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان تێچووی کارەبایان کەمبووەتەوە و ئێستا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ 90%ـی دانیشتووان دابین کراوە.
خولی پسوولەکان و تێکڕای تێچووی کارەبا
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داتای پسوولەکانی مانگی 5ـی ئەمساڵ لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی ئامادە کراوە. بەپێی داتاکان، ماوەی خولی پسوولەکان لەم مانگەدا نزیکەی 41 ڕۆژ بووە و نیوەی هاونیشتمانییان لە سەرانسەری هەرێم کەمتر لە 38,000 دینار تێچووی کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە.
تێچووی کارەبا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم
ئاستی تێچووی کارەبا بۆ نیوەی هاوبەشان لە پارێزگاکان جیاواز بووە و پارێزگای هەڵەبجە کەمترین تێچووی تۆمار کردووە. داتاکان بەم شێوەیەیە:
لە پارێزگای هەولێر: 43,000 دینار.
لە پارێزگای دهۆک: 41,000 دینار.
لە پارێزگای سلێمانی: 32,000 دینار.
لە پارێزگای هەڵەبجە: 30,000 دینار.
سوودی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کەمدەرامەتان
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، لە ئێستادا 90%ـی هاونیشتمانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. هاوکات 80%ـی هاووڵاتیان، بەتایبەت توێژی کەمدەرامەت، بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدەی ئەهلی و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
پلانی داهاتوو بۆ کارەبای 24 کاتژمێری
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی 2024ـدا پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ئەوەیە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەبێ پچڕان و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان بۆ دابین بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا