نەجەف لێوانلێو لە مرۆڤ؛ زیاتر لە 2.3 ملیۆن کەس ماڵئاواییان لە تەرمی عەلی خامنەیی کرد
شارەکانی نەجەف و کەربەلا ئامادەکاریی گەورەیان بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران کرد و بڕیارە دوای ڕێوڕەسمەکان لە عێراق، تەرمەکەی بۆ بەخاکسپاردن ڕەوانەی مەشهەد بکرێتەوە.
ئامادەیی ملیۆنی بۆ پێشوازی لە تەرمی خامنەیی
بەیانی ئەمڕۆ لە شاری نەجەف، ئاپۆڕایەکی گەورەی جەماوەری بە جلی ڕەش و دروشمی جیاوازەوە بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی کۆبوونەوە. دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 2,300,000 کەس لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارن بوون و لە کەربەلاش پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هەزارانی دیکەش پەیوەندی بە مەراسیمەکەوە بکەن.
گواستنەوەی تەرمەکە بۆ کەربەلا و بەخاکسپاردن لە مەشهەد
بڕیار وایە هەر ئەمڕۆ تەرمی عەلی خامنەیی بە ڕێوڕەسمێکی ئایینی و جەماوەری ببرێتە شاری کەربەلا و لەوێش لەلایەن سەدان هەزار کەسەوە پێشوازی لێبکرێت. دوای تەواوبوونی مەراسیمەکان لە عێراق، تەرمەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران و بڕیارە لە ڕۆژی 9ـی ئەم مانگەدا لە شاری مەشهەد بەخاک بسپێردرێت.
پێشوازیی فەرمی لە تەرمەکە لە فڕۆکەخانەی نەجەف
شەوی ڕابردوو تەرمی عەلی خامنەیی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە گەیشتە خاکی عێراق. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و چەندین سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە یاوەری تەرمەکەن. لە کاتی گەیشتنیاندا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی پێشوازییان لە تەرمەکە و شاندە ئێرانییەکە کرد.
3 کاتژمێر پێش ئێستا