قەیرانی کارەبا هاوشانی گەرما گەڕایەوە؛ گەرمیان 15 کاتژمێر بێ کارەبایە و لە هەولێر جیاکاری دەکرێت
لەکاتێکدا پلەکانی گەرما ڕوو لە هەڵکشانن، شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی کارەبا بوونەتەوە و پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کارەبای نیشتمانی زیادی کردووە.
کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێم
زیاتر لە 2 هەفتەیە کێشەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دروستبووە. هاوبەشانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاوی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بوونەتەوە، ئەمەش کێشەی بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاونیشتمانییان دروست کردووە.
جیاوازی لە دابەشکردنی کارەبا لە گەڕەکەکانی هەولێر
لە سنووری پارێزگای هەولێر کێشەی کەمیی کارەبا بەردەوامە. لە گەڕەکەکانی (هەولێری نوێ، گوڵان و برایەتی) بڕی پێدانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان گەڕەکەکانی ناو شاردا دەبینرێت. لە دەوروبەری هەولێریش وەک (قوشتەپە، سێبیران، بەحرکە، دارەتوو و بنەسڵاوە) بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی ئەهلی، دانیشتووان تووشی گرفتی گەورە بوونەتەوە. تەنانەت ئەو گوندانەی لە پڕۆژەی ڕووناکی بوون، لە ئێستادا کارەبایان پچڕاوە.
دۆخی کارەبا لە دهۆک و پشتبەستن بە مۆلیدە
بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک دۆخەکە بەتەواوی خراپ بووە. لە ماوەی 24 کاتژمێردا، پێدانی کارەبای نیشتمانی نزیکەی 10 کاتژمێر کەمبووەتەوە. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، لە سەنتەری شاردا مۆلیدە ئەهلییەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی فەراغی کارەبای نیشتمانی پڕ بکەنەوە.
15 کاتژمێر بێ کارەبایی لە سنووری گەرمیان
لە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، گەرمیان و ڕاپەڕینیش کێشەکە بەردەوامە. لە سۆران ڕۆژانە لانیکەم 6 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی نییە. لە گەرمیان دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر خراپ، بە جۆرێک ڕۆژانە 12 بۆ 15 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەبڕدرێت. لە ئیدارەی ڕاپەڕینیش ناوەناوە پچڕانی کارەبا هەیە و زۆرجار مۆلیدە ئەهلییەکان فەراغەکە پڕ دەکەنەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا