بۆچی عەلی زەیدی یەکەم گەشتی فەرمی دەرەوەی بۆ واشنتن هەڵبژارد؟

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بۆ یەکەمین گەشتی فەرمی دەچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ چەندین دۆسیەی هەستیاری ئابووری و ئەمنی تاوتوێ دەکات.

یەکەمین گەشتی دەرەوەی سەرۆکوەزیرانی نوێ

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 7ـی 2026، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدا بەرەو واشنتن جێبهێڵێت. ئەمە دەبێتە یەکەمین گەشتی فەرمیی زەیدی بۆ دەرەوەی وڵات لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە. پێش گەشتەکەش، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە دەگاتە ئەمریکا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی گەنجینە، دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە.

بونیادنانی هاوبەشیی ئابووری و واژۆکردنی گرێبەستەکان

کارنامەی سەردانەکە جەخت لەسەر بونیادنانی هاوبەشییەکی ئابووریی بەرهەمهێن دەکاتەوە. زەیدی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرێبەستی نوێی وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و بانکەکان واژۆ دەکات. هەروەها پێشنیازی دروستکردنی هەژمارێکی دارایی هاوبەش دەکات کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی ژێرخان، کارەبا و گەیاندن.

بەشداریی شاندێکی گەورەی بازرگانان و کەرتی تایبەت

لەو سەردانەدا شاندێکی باڵا لە وەزیران، بەرپرسان و فەرماندە ئەمنییەکان یاوەری سەرۆکوەزیران دەکەن. خاڵی جیاوازی ئەم گەشتە، بەشداریی شاندێکی گەورەی کەرتی تایبەت و بازرگانانی عێراقە، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان گفتوگۆ بکەن و پەیوەندیی بازرگانی دروست بکەن.

دۆسیەی ئەمنی و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان

لە ڕووی ئەمنییەوە، زەیدی و ترەمپ تاوتوێی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بریتین لە: هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن.

جیاکردنەوەی ئابووریی عێراق لە ئێران

سەردانەکە لە کاتێکی نائاساییدایە کە عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە تووشی قەیرانی دارایی بووە. بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت عێراق ڕێککەوتنی غاز لەگەڵ ئێران نوێ نەکاتەوە و پڕۆژەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری بانیاسی سووریاوە خێرا بکات، وەک هەنگاوێک بۆ جیاکردنەوەی تەواوەتیی ئابووریی عێراق لە هەژموونی ئێران.

بانگێشتی فەرمیی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی

ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی و بە ڕەسمی بانگێشتی کۆشکی سپی کرد. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداش تەواوی ئاسانکارییەکانی بۆ پێدانی ڤیزە بە شاندە گەورەکەی عێراق ئەنجامداوە.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا