ئەمريکا: دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن
ئەمریکا و ئێران سەرەڕای پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکانی نێوانیان، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان و بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە پاکستان کۆببنەوە.
واشنتن هێرشە سەربازییەکان وەک فشار بۆ دانوستان بەکاردەهێنێت
ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی واشنتن پەرەسەندنی سەربازی وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنەسەر ئێران دەبینێت تاوەکو ناچاری بکات بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی، نەک وەک بەدیلێک بۆ پڕۆسەی سیاسی.
ئاڵۆزییەکانی گەرووی هوورمز و مەرجەکانی لادانی سزا
ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا 80 پێگەی ئێرانی و 60 بەلەمی خێرای سوپای پاسدارانی لە گەرووی هوورمز کردە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە بەحرێن و کوەیت پێکای. بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕایگەیاند کە هەر جۆرە سووککردنێکی سزاکان بەندە بە پابەندبوونی ئێران بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، بەتایبەتی لە پرسی ئازادیی کەشتیوانیدا.
ماجد ئەنساری: بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا هەیە
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕایگەیاند کە بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەدیهاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان، بەڵام کۆبوونەوەی داهاتوو دەخرێتە دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران.
دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە پاکستان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر مۆڵەتی هەفتەیەکی دابوو بە ئێران تاوەکو مەراسیمی ناشتنی ڕێبەری وڵاتەکە کۆتایی دێت. بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، بڕیارە دانوستانەکان لە 11ـی ئەم مانگە دەستپێبکەنەوە و لە ڕۆژانی 14 و 15ـی مانگیشدا دانوستانە تەکنیکییەکان لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان بەڕێوەبچن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا