دۆناڵد ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هات
سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ تاران ڕاگەیاند و هاوکات هێرشی توندی کردە سەر هاوپەیمانی ناتۆ و وڵاتانی ئیسپانیا و دانیمارک، هۆشداریشی دا کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
کۆتاییهاتنی ئاگربەست و هەڕەشەی 20 ئەوەندە لە ئێران
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ ئەو ئاگربەست کۆتایی هاتووە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هەڵوەشاوەتەوە. ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی تاران کرد و گوتی: "هەر جارێک ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکی بازرگانی، ئێمە 20 ئەوەندە لێیان دەدەینەوە." جەختیشی کردەوە کە کاتێکی زۆریان لەگەڵ تاران بەفیڕۆداوە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمریکا کاری خۆی بکات.
ناڕەزایەتی بەرامبەر ناتۆ و بڕینی بازرگانی لەگەڵ ئیسپانیا
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا نیگەرانی و ناڕەزایەتیی قووڵی خۆی بەرامبەر هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەربڕی. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلاری لەو هاوپەیمانێتییەدا خەرجکردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەوان یارمەتی ئەمریکایان نەداوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر مەدرید و ڕایگەیاند "ئیسپانیا هاوبەشێکی باش نییە لە ناتۆدا" و بڕیاری داوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنێت.
کێشەی گرینلاند و ڕەخنە لە دانیمارک
پرسی دوورگەی گرینلاند بەشێکی دیکەی قسەکانی ترەمپ بوو، کە تێیدا ناوچەکەی بە "کێشەیەکی گەورە" وەسف کرد. ترەمپ پێیوایە ئەم دوورگەیە بۆ ئەمریکا گرنگە نەک بۆ دانیمارک و ڕایگەیاند: "نەدەبوو گرینلاند بۆ دانیمارک بگەڕێنینەوە." ئەم لێدوانە وەک گوشارێکی نوێی واشنتن بۆ سەر کۆپنهاگن لەسەر پرسی ئەو ناوچە ستراتیژییە دەردەکەوێت.
ئاڵوگۆڕی هێرشە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە تێیدا هاتووە، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر 80 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران وەک سزایەک بۆ هێرشکردنە سەر 3 کەشتی بازرگانی. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە 85 پێگەی سەربازیی ئەمریکایان لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج و ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا