100 دۆلار گەیشتە 18 ملیۆن تمەن

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕێک لە دراوی تمەنی ئێرانی
بڕێک لە دراوی تمەنی ئێرانی

پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن بازاڕەکانی دراوی هەژاندووە؛ بەهای تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاست دابەزی و دیناری عێراقیش لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کرد.

دابەزینی مێژوویی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار

لە بازاڕەکانی تاران و هەرێمی کوردستان، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار دابەزینێکی گەورەی تۆمار کرد. لە ئێستادا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە 18,000,000 تمەن (بە حەواڵە)، ئەمە لەکاتێکدایە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 17,400,000 تمەن بووە.

گرژییە سەربازییەکان و کاریگەرییان لەسەر بازاڕ

هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن بۆ هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە لە بەندەرعەباس و نزیک گەرووی هوورمز ڕوویانداوە. هەروەها وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناسەقامگیریی بەهای دراوەکان هەبووە.

پاشەکشەی بەهای دیناری عێراقی

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە. ڕۆژی سێشەممە 7ـی تەممووز، بەهای 100 دۆلار لە خانەی 152,000 دیناردا بوو، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە بەهاکەی بەرزبووەوە بۆ 153,750 دینار، ئەمەش نیشانەی کاریگەریی دۆخی ناوچەکەیە لەسەر دراوی ناوخۆیی.

کەیفی خۆشناو: ئاڵۆزییەکان کاریگەرییان لەسەر بەهای دینار هەیە

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە گرژییانە کاریگەریی خێرا لەسەر بازاڕی دراو دروست دەکەن و ئێستا لە بازاڕی هەولێر 100 دۆلار بەرامبەر 153,750 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا