وەزیری جەنگی ئەمریکا سەردانی تەلئەڤیڤ دەکات
وەزیری بەرگریی ئەمریکا تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئاڵوگۆڕی هێرشە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، بە سەردانێکی بەپەلە و لەناکاو لە ئەنقەرەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێدەکەوێت.
یەکەم سەردانی فەرمیی هێگسێت بۆ ئیسرائیل
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات. هێگسێت کە ئێستا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە لوتکەی ناتۆیە لە ئەنقەرە، هەر ئەمڕۆ تورکیا جێدەهێڵێت و ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی فەرمیی ناوبراو بۆ ئیسرائیل لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە.
کۆبوونەوە لەگەڵ ناتانیاهۆ و پرسی فڕۆکەی F-35
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئێران. ئامانجێکی تری سەرەکیی سەردانەکە دڵنیاکردنەوەی تەلئەڤیڤە سەبارەت بەو نیگەرانییانەی هەیانە لە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35 بە تورکیا، کە پێشنیازێکی ترەمپ بووە لە لوتکەی ئەنقەرە.
ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران
ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردایە، چونکە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر 80 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران وەک سزایەک بۆ هێرشکردنە سەر 3 کەشتیی بازرگانی. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە 85 مووشەک و درۆن بنکەکانی ئەمریکای لە بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج و ڕایگەیاندووە کە ئاگربەست کۆتایی هاتووە.
کاریگەریی هێرشەکان لەسەر خشتەی کۆبوونەوەکان
تۆڕی CNN ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانی ئەم سەردانە پێشتر داڕێژرابوو، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران و ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هەردوولادا، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا خشتەی کۆبوونەوەکانی هێگسێت لە ئیسرائیل گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت یان بۆ گفتوگۆی سەربازیی چڕتر بەکاردەهێنرێن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا