توێژینەوەیەکی نوێ: پیسبوونی هەوا هۆکارێکی زیادبوونی قەڵەوییە لە منداڵاندا

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، هەندێک ماددەی زیانبەخش کە بەهۆی پیسبوونی هەواوە بەرکەوتنمان هەیە لەگەڵیان، وا لە منداڵ دەکەن نەتوانێت لەکاتی خواردندا کۆنترۆڵی خۆی بکات و قەڵەو ببێت.

لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە کە ماددەیەک بەناوی pm2.5 ماددەیەکی زیانبەخشە بۆ مێشک و پەیوەندیی بە قەڵەوییەوە هەیە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو منداڵانەی لە یەکەم ساڵی تەمەنیاندا بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەم ماددەیە هەیە، لە داهاتوویاندا ناتوانن زۆر کۆنترۆڵی خۆیان بکەن لەکاتی خواردندا، ئەمەش هۆکارە بۆ زیادخۆری و قەڵەوبوونیان.

ئەم زیادخۆرییەش هۆکاربووە بۆ زۆریی چەوریی جەستەی ئەم منداڵانە و پێوانەی کێش بۆ باڵایان لە تەمەنی چوار بۆ هەشت ساڵیدا.

ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونانەی پێشتر لەسەر بابەتی قەڵەوی دەکران، هەموو سەرنجیان لەسەر خۆراک و شێوازی ژیانی منداڵەکان بوو، بەڵام ئەم توێژینەوەیە بۆ یەکەمین جارە دەریخستووە کە دەکرێت پیسبوونی هەواش هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی قەڵەوی.

ماددەی pm2.5 پیسکەرێکی هەوایە و لە ئۆتۆمبێل و کارگەکانەوە دەردەدرێتە ناو هەوا، ئەم ماددەیە بە هۆکارێکی تووشبوون بە شێرپەنجە دادەنرێت و پەیوەندیی بە خەڵەفان و جەڵتەی مێشکیشەوە هەیە.

گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا