دوو پشکنینی نوێ دەستنیشانکردنی ئیندۆمیتریۆسس ئاسانتر و خێراتر دەکەن
لە توێژینەوەیەکی نوێدا باس لەوە کراوە کە دوو پشکنینی نوێی خوێن، دەتوانن لە جێگەی نەشتەرگەری بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ئیندۆمیتریۆسس بەکاربهێنرێن.
ئیندۆمیتریۆسس نەخۆشییەکە تێیدا شانەی منداڵدان لە شوێنێکی دیکەی دەرەوەی منداڵدان گەشە دەکات، ئەمەش نیشانەی زۆر و ناڕەحەتکەر بۆ خانمەکە دروستدەکات، وەکو ئازاری حەوز، سووڕی مانگانەی زۆر و توند، لاوازی و نەزۆکی.
لە بەریتانیا، لە 10 خانم یەکێکیان بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن، لە سکۆتلەنداش تێکڕای ئەو کاتەی کە پێویستیانە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت زیاتر بێت لە 10 ساڵ(لە توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیدنبرە باس لەمە کراوە).
توێژەرەکان لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو خانمانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە، ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینەیان جیاواز بووە بەراورد بەو خانمانەی کە ئەم نەخۆشییەیان نەبوو.
ئەمەش پڕۆسەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات، لە کاتێکدا کە پێشتر نەخۆشییەکە تەنیا بە نەشتەرگەری دەستنیشان دەکرا.
لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەم پشکنینانە لە کوردستان نین، بەڵام هیوایەکی گەورە هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لێرەش بەردەست ببێت و ئەو خانمانەی بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن و پێیان نەزانیوە، لە ڕێگەیەوە دەستنیشانی بکەن و زوو دەست بە چارەسەرەکان بکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا