کاتسا؛ ئەو تەوقە ئەمریکییەی پێنج ساڵە ملی تورکیای گرتووە

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
تورکیا بەهۆی سزاکانی کاتساوە لە پرۆژەی دروستکردن و وەرگرتنی فڕۆکەی ئێف35ـی ئەمریکی دەرکراوە. فۆتؤ: AP
تورکیا بەهۆی سزاکانی کاتساوە لە پرۆژەی دروستکردن و وەرگرتنی فڕۆکەی ئێف35ـی ئەمریکی دەرکراوە. فۆتؤ: AP

کاتسا؛ ئەو تەوقەی پێنج ساڵە خراوەتە ملی تورکیا و ئەو وڵاتەی لە فڕۆکەی ئێف-35 بێبەش کرد، ئێستا لەبەردەم بڕیارێکی نوێی دۆناڵد ترەمپدایە، لە کاتێکدا ئیسرائیل و کۆنگرێس وەک ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم هەڵگرتنی سزاکان دەردەکەون.

سزای کاتسا و مێژووی سەپاندنی بەسەر نەیارانی ئەمریکادا

کاتسا کورتکراوەی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا بە سزا"یە (CAATSA)، کە لە ساڵی 2017 لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە دەنگی لەسەر درا. ئەم یاسایە دەرگای بەڕووی جێبەجێکردنی سزا بەسەر ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکووردا کردەوە. لە ئابی 2017، دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لەژێر فشاری کۆنگرێسدا بە ناچاری یاساکەی واژۆ کرد. دژایەتیی ترەمپ بۆ یاساکە لەبەر ئەوە بوو کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی بۆ هەڵگرتنی سزا سنووردار دەکرد، هاوکات لەو سەردەمەدا گومانێکی زۆر لەسەر دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی ترەمپ هەبوو، ئەوەش ببووە سێبەرێکی دیکە بۆ دژایەتیی ترەمپ بەرامبەر یاساکە.

ئێس-400؛ ئەو سیستمەی متمانەی نێوان واشنتن و ئەنقەرەی هەژاند

یاسای کاتسا کە بۆ نەیارانی ئەمریکا بوو، ملی تورکیاشی گرت کە هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکایە لە ناتۆ. تورکیا پاش ئەوەی سەرجەم داواکارییەکانی بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی "پاتریۆت" لەلایەن واشنتنەوە ڕەتکرایەوە، ڕووی لە مۆسکۆ کرد. سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا، تورکەکان لە ئەیلوولی 2017 ڕێککەوتنی کڕینی سیستمی ئێس-400ـیان بە بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار واژۆ کرد. ئەمریکییەکان پێیان وایە کڕینی ئەم سیستمە هێنانی مۆسکۆیە بۆ ناو خاکی ناتۆ، لە کاتێکدا واشنتن کار لەسەر گەمارۆدانی ڕووسیا دەکات.

باجی ڕێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆ و سەپاندنی سزا بەسەر SSBـدا

لە تەممووزی 2019، یەکەمین بەشی سیستمی ئێس-400 گەیشتە تورکیا. ئەمریکا ئەمەی بە پێشێلکردنی ماددەی 231ـی یاسای کاتسا هەژمار کرد و لە کانوونی یەکەمی 2019 سزای کاتسای بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند. بەپێی یاساکە، سزا بەسەر ئەو لایەنانەدا دەسەپێندرێت کە مامەڵە لەگەڵ کەرتی بەرگریی ڕووسیدا دەکەن. ئەمریکا سەرۆکایەتیی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا (SSB)ـی خستە ناو لیستی سزاکانەوە و مۆڵەتی هاوردەکردنی تەکنۆلۆژیا و قەرزی نێودەوڵەتی لێ قەدەغە کرد. هەروەها کەسایەتییە دیارەکانی ئەو دامەزراوەیەش خرانە ناو لیستی ڕەشەوە و نەیانتوانی بچنە ناو خاکی ئەمریکا. ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوە هۆکارەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ هەواڵگریی ڕووسیا گەڕاندەوە، دەیڤید ساتەفێڵد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکاش مەرجی هەڵگرتنی سزاکەی بە نەکڕینی ئێس-400 بەستەوە.

لەدەستچوونی فڕۆکەی ئێف-35 و باجە قورسەکەی تورکیا

تورکیا هەر لە سەرەتاوە بەشێک بوو لە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف-35 و زۆر پارچەشی لە تورکیا دروست دەکران، بەڵام کڕینی ئێس-400 لە پڕۆژەکە بێبەشی کرد. قورسیی باجەکە تەنیا بێبەشبوون نەبوو، بەڵکو پێدانی ئەو فڕۆکانە بوو بە یۆنان و ئیسرائیل کە نەیاری تورکیان. تورکیا داوای 100 فڕۆکەی کردبوو و بڕیار بوو 25 ملیار دۆلار بە ئەمریکا بدات. لە ساڵی 2018 خاوەندارێتیی 6 فڕۆکە بۆ تورکیا بوو، بەڵام لە ئەمریکا مانەوە و ڕادەست نەکران. لە ئابی 2018، ترەمپ یاسای ڕاگرتنی پێدانی فڕۆکەکەی بە تورکیا واژۆ کرد و تورکیا بەتەواوی لە پڕۆژەکە دوورخرایەوە و ئەو پارچانەشی بۆ تورکیا بەرهەم دەهێنران، بە وڵاتانی دیکە فرۆشران.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەردۆغان و کۆبوونەوەی کۆشکی سپی

لە کۆبوونەوەی 25ـی ئەیلوولی 2025 لەنێوان ئەردۆغان و ترەمپ لە کۆشکی سپی، پرسی فڕۆکەی ئێف-35 تاوتوێ کرا. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر کۆبوونەوەکە باش بێت، دەکرێت سزاکە هەڵبگرن، بەڵام پاش کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی ڕوون ڕانەگەیەندرا. ئەمە وایکرد ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بڵێت ئەردۆغان بێ ئەنجام گەڕاوەتەوە. ئەردۆغان لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 ڕایگەیاند کە بە ئەمریکییەکانی گوتووە پارەی خۆیان داوە و هێشتا فڕۆکەکانیان وەرنەگرتووە و چاودێریی پرسەکە دەکەن.

بەڵێنەکانی ترەمپ و ئاستەنگییەکانی لۆبیی ئیسرائیل

تورکیا ئێستا چاوی لەوەیە سەردانەکەی ترەمپ بۆ ئەنقەرە دەرگای هەڵگرتنی سزاکان بکاتەوە، بەڵام هێز و لۆبی ئیسرائیلییەکان لە کۆشکی سپی ڕێگرێکی گەورەن. ترەمپ هەرچەندە دەڵێت سزاکان هەڵدەگرن، بەڵام سزاکە ڕێکاری یاسایی هەیە و بە بڕیارێکی سەرۆک بەتەنیا کۆتایی نایەت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری داوە کە فرۆشتنی ئێف-35 بە تورکیا هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە تێکدەدات، ئەمەش گەورەترین ئاڵێنگارییە بۆ ترەمپ.

"کان"؛ هەوڵی تورکیا بۆ بەدەستهێنانی شکۆی ئاسمانی

لە بەرامبەر سزاکاندا، تورکیا کار لەسەر فڕۆکەی "کان" دەکات کە نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی شەڕکەرە و لە 21ـی شوباتی 2024 یەکەم فڕینی کرد. ئەم فڕۆکەیە 21 مەتر درێژە و باڵەکانی 14 مەترن. ئەردۆغان ئەم فڕۆکەیەی بە ئێف-16 بەراورد کرد، بەڵام فڕۆکەکە هێشتا پێویستی بە بزوێنەری دەرەکی هەیە. تەمەل کۆتیل، سەرۆکی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا دەڵێت تاوەکو ساڵی 2028 بزوێنەری تورکی بۆ فڕۆکەکە بەرهەم دەهێنن، بەڵام ئێستا بزوێنەری F110ـی ئەمریکی بەکاردێنن.

ئاڵێنگاریی بزوێنەرە ئەمریکییەکان و کێشەی مۆڵەتی کۆنگرێس

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە بزوێنەرەکانی فڕۆکەی کان لە کۆنگرێسی ئەمریکا چاوەڕوانن و مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، ئەمەشی بە پێچەوانەی ڕۆحی هاوپەیمانێتی ناوبرد. یاسای کاتسا ڕێگرە لەوەی بزوێنەرەکان بگەنە تورکیا. لە لایەکی دیکەوە، تورکیا لە تەممووزی 2025 ڕێککەوتنی فرۆشتنی 48 فڕۆکەی کانی بە ئیندۆنیزیا واژۆ کردووە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی بزوێنەری ناوخۆیی، ڕەنگە ڕادەستکردنیان تاوەکو ساڵی 2032 بخایەنێت. ئێستا تورکیا چاوەڕوانی مزگێنیی ترەمپە، لە کاتێکدا نەتەنیاهوو فشار دەکات بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگۆڕێت.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا