ترشیی گەدە هێندە بەهێزە دەتوانێت بزمار دابڕزێنێت، بەڵام بۆچی ناتوانێت بەکتریای گەدە لەناو ببات؟
ترشیی گەدە ترشێکی ئێجگار بەهێزە،بەهێزیی ترشیی گەدە لە نێوان 1.5 بۆ 3.5 پلەی PH ـدایە ، ئەم ترشییەش هێندە بەهێزە نەک هەر بزمار، بەڵکو دەتوانێت تەنانەت هەندێک جۆری کانزای توندیش دابڕزێنێت ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر لەناویدا بمێنێتەوە.
نیشانەکانی تووشبوون بە بەکتریای گەدە
بەکتریای گەدە یەکێکە لەنەخۆشییە بڵاوەکان و لە جیهاندا ملیۆنان کەس هەڵگر یان تووشبووی نەخۆشییەکەن و بەدەست نیشانەکانی تووشبوون بە بەکتریای گەدەوە دەناڵێنن، لەوانە:
- هەوکردنی گەدە
- ئازاری گەدە
- هەندێکجار برینی گەدە
- دڵپڕی و کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
- دڵەکزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە
- غازات و ئاوسانی سک
- بۆنی ناخۆشی ناودەم
بەکتریای گەدە چۆن دەتوانێت خۆی ترشیی گەدە رزگار بکات و لەناونەچێت؟
ڕەنگە زۆرینەمان بپرسین ئایا بەکتریای گەدە چۆن دەتوانێت لە ئەم ترشییە بەهێزەی گەدە ولەم ناوەندە دۆزەخییەدا بە زیندویی دەمێنێتەوە، هۆکارەکانی مانەوەی بەکتریای گەدە بریتین لە:
- بەکتریاکە قەلغانێکی کیمیایی دروست دەکات کە ئەنزیمێکە بەناوی یوریەیز Urease، ئەم ئەنزیمە هەڵدەستێت بە شیرکردنەوەی ماددەی یورییا کە لە گەدەدا هەیە و دەیگۆڕێت بۆ ئەمۆنیا و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. لەبەر ئەوەی ئەمۆنیا ماددەیەکی تفتە، وەک قەلغانێکی کیمیایی پارێزەری تفت لە دەوری بەکترياکە کار دەکات، ئەم قەلغانە تفتییە ترشییەکەی دەوری بەکترياکە هاوسەنگ دەکاتەوە و نایەڵێت زیان بە بەکتریاکە بگات
- ترشیی گەدە زیاتر لە ناو بۆشایی گەدەدایە، بەکتریای گەدە بەهۆی شێوە لولپێچەکەی و ئەو کلکانەی هەیەتی، مەلە دەکات و خۆی دەگەیەنێتە ژێر پەردەی لینجی دیواری گەدە، کە لەبنەرەتدا بۆ پاراستنی خانەکانی گەدە بەکاردێت. لەو ناوچەیەدا ڕێژەی ترشیی گەدە زۆر نزیکە لە ترشیی هاوسەنگ و ترشێتییەکەی هێندە بەهێز نییە، هەربۆیە بەکتریاکە دەچێتە ئەوێ و خۆی دەشارێتەوە و خۆی لەو ترشییە بەهێزە دەپارێزێت
هەرکاتێک هەست بە دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون بە بەکتریای گەدە کرا، واباشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و پشکنینی پێویست بۆ کەسەکە ئەنجام بدرێت، چونکە گەر بەکتریای گەدە چارەسەر نەکرێت، ڕەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی برینی گەدە، هەوکردنی توندی دیواری گەدە و تەنانەت لەهەندێک باری زۆر دەگمەندا ببێتە هۆی شێرپەنجەی گەدە.
د.محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی
3 کاتژمێر پێش ئێستا