دەزگای فڕۆکەوانیی ئەورووپا: تاوەکو 31ی ئاب بەسەر ئاسمانی عێراق، ئێران و لوبناندا مەفڕن

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی دەزگای سەلامەتیی فڕۆکەوانی ئەورووپا
لۆگۆی دەزگای سەلامەتیی فڕۆکەوانی ئەورووپا

بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، دەزگای سەلامەتیی فڕۆکەوانی ئەورووپا هۆشداری دەداتە هێڵە ئاسمانییەکان و ئاسمانی سێ وڵاتی ناوچەکە بە "مەترسیدار" ناودەبات.

قەدەغەکردنی گەشتەکان تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب

دەزگای سەلامەتی فڕۆکەوانی ئەورووپا (EASA) بە ڕەسمی هێڵە ئاسمانییەکانی ئاگادارکردەوە کە تاوەکو ڕێکەوتی 31ی ئاب، بە هیچ شێوەیەک بەسەر ئاسمانی وڵاتانی عێراق، ئێران و لوبناندا گەشت نەکەن. ئەم بڕیارە دوای زیادبوونی کردەوە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دێت کە مەترسییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەلامەتیی فڕۆکە مەدەنییەکان دروست کردووە.

هەڵوەشاندنەوەی هۆشدارییەکانی سەر وڵاتانی کەنداو

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێکارە نوێیە، دەزگاکە هۆشداریی پێشووی خۆی هەڵوەشاندەوە کە تێیدا داوای لە هێڵە ئاسمانییەکان کردبوو لە کاتی گەشتکردن بەسەر ئاسمانی وڵاتانی (بەحرەین، کوەیت، ئیسرائیل، ئوردن، قەتەر، عومان، ئیمارات و سعودیە) وریا بن. تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا ڕێنمایی نوێ بۆ گەشتکردن "بۆ" ئەم وڵاتانە دەردەچێت یان تەنیا گەشتکردن بەسەر ئاسمانیاندا بە سەلامەت ئەژمار دەکرێت.

ناسکیی ئاگربەست و ئەگەری تێکچوونی دۆخەکە

دەزگای سەلامەتی فڕۆکەوانی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکات کە جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بە "ناسکی" ماوەتەوە. ڕێنماییە نوێیەکەی ئەم دەزگایە لەسەر بنەمای ئەگەری هەنگاوی سەربازیی زیاتر و بەردەوامیی گرژییەکان داڕێژراوە و هۆشداری دەدات ئەگەر ئاگربەستەکە تێکبچێت، ئاسمانی ئێران و ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە.

کاریگەریی هێرشە سەربازییەکان لەسەر ئاسایشی ئاسمانی

ئەم هۆشدارییە نوێیەی دەزگاکە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت. ئەو هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی پێشووتری ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران، ئەم ئاڵوگۆڕی تەقانەش وایکردووە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا