پەیمانگەیەکى ئەمریکى: کارکردنى زەیدى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لە کابینەکانى پێشوو جیاوازترە

شۆڕش محەمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی کوینسی بۆ توێژینەوەی ئەمریکی، باس لەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کارکردنی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کابینەکانی پێشوو جیاوازترە.

ڕەهەندەکانی هەڵمەتی دژە گەندەڵی و لێکۆڵینەوەکان

پەیمانگە ئەمریکییەکە ڕوونی دەکاتەوە، زەیدی لەو کاتەوەی لە مانگی ئایاردا پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە، هەڵمەتێکی بێپێشینەی دژی کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی ناو دامەزراوە سیاسی و کارگێڕییەکان دەست پێکردووە و ئەم هەڵمەتە لێکۆڵینەوە لە ملیاران دۆلار دەگرێتەوە کە گومانی خراپ بەڕێوەبردنیان لێ دەکرێت و گەیشتووەتە قووڵایی تۆڕی ئەو بەرپرس و ئەکتەرە سیاسییانەی کە سوودمەند بوون لە سیستمی پشکپشکێنەی سیاسی لە عێراقدا.

پێشوازیی نێودەوڵەتی لە «هەڵمەتی بەرەبەیان»

باسی لەوەش کردووە، ئەم پڕۆسەیە کە سەرکردایەتیی عێراق بە (هەڵمەتی بەرەبەیان) ناوی بردووە، لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە و بەرپرسانی ئەمریکی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئەمە بە ئاماژەیەک دەبینن کە ڕەنگە دواجار بەغداد دەستی پێکردبێت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەندەڵییەی کە بۆ ماوەی دوو دەیەیە حوکمڕانیی وڵاتەکەی پەکخستووە.

لێکەوتەکانی گەندەڵی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان

ڕاپۆرتەکە لەبارەی لێکەوتەکانی گەندەڵی و نەهامەتییەکانی خەڵکەوە دەشڵێت، هاوڵاتییانی عێراق ساڵانێکە بەدەست لێکەوتەکانی گەندەڵییەوە دەناڵێنن و ناچار بوون بەرتیل بدەن بۆ ڕاییکردنی سادەترین مامەڵەی کارگێڕی، لە کاتێکدا هەندێک لە دەزگا ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکان لە بازگەکاندا سەرانەیان وەردەگرت و ملیاران دۆلار کە بۆ ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان تەرخان کرابوون، لە ناو تۆڕە داراییە ئاڵۆزەکاندا ون بوون و ئابڕوچوونی دزیی سەدە ئاستی دزەکردنی گەندەڵی بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق ئاشکرا کرد.

ئامادەیی زەیدی بۆ گۆڕینی سیستمی پشکپشکێنە

ڕاپۆرتەکە لەبارەی جیاوازیی شێوازی کارکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێوە وا دیارە ئەو ئامادەیە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی چاکسازی لە سیستمێکی سیاسی ببێتەوە کە لەسەر بنەمای پێدانی پۆست بە سیاسییەکان بەگوێرەی ئینتیمای نەتەوەیی و تائیفییان دامەزراوە، نەک لێهاتوویی.

ڕەگداکوتانی سیستماتیکی گەندەڵی لە عێراقدا

ڕاپۆرتەکە لەبارەی سروشتی گەندەڵی لە ناوخۆی وڵاتدا دەڵێت، گەورەترین ئاڵنگاری ئەوەیە، گەندەڵی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتدا ڕەگی داکوتاوە، تەنیا سنووردار نییە بە ژمارەیەک کەسی گەندەڵ، بەڵکو سیستمێکی دامەزراوەییە کە دزەی کردووەتە ناو پارتە سیاسییەکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت، تۆڕەکانی مەحسوبییەت و میکانیزمەکانی دابەشکردنی سامانی گشتی.

شۆڕش محەمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا