بانکی ناوەندیی عێراق: پشکى نەختینەیى دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک دەکرێتە 2000 دۆلار
بانکی ناوەندیی عێراق ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنی فرۆشتنی دراوی بیانی دەرکرد و پشکی نەختینەیی دۆلاری بۆ هەر گەشتیارێک لە 3000 دۆلارەوە بۆ 2000 دۆلار کەم کردەوە؛ بانکەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە بۆ گرەنتیکردنی سەقامگیریی بازاڕی دراو و ڕێکخستنی سەرچاوە ئابوورییەکانە.
وردەکاریی بڕیارە نوێیەکەی بانکی ناوەندی
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، بەگوێرەی ڕێنمایی نوێی بانکەکە پشکی نەختینەیی دۆلار بۆ هەر گەشتیارێکی پێگەیشتوو لەبریی 3000 دۆلار دەبێت بە 2000 دۆلار.
ئامانجەکانی چاکسازی لە بازاڕی دراودا
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، ڕێنماییە نوێکەی بانکی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەدایە کە بانکەکە لە پێناوی گرەنتیکردنی گەیاندنی دراوی نەختینەی بیانی بە سەرجەمی هاوڵاتیان دەیگرێتەبەر کە بەشدار دەبێت لە سەقامگیرکردنی بازاڕی دراو و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان.
هاوتەریببوون لەگەڵ سیستمی پارەدانی جیهانی
بانکەکە لەبارەی گرنگی و کاریگەریی ئەم ڕێکارانەوە ڕوونیدەکاتەوە، ئەم ڕێکارانە تەنیا ڕێکخستنن و بەشێکن لە پڕۆسەی بەهێزکردنی تواناکانی بانک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و هاوتەریببوون لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکانی سیستەمی پارەدان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا