ترەمپ: بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمشەو بە توندی لە ئێران دەدەینەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی توندی کردەوە سەر ئێران و ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات دامەزراوەکانی وزە و پاڵاوتنی ئاوی ئێران لەناودەبەین، جەختیشیکردەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمشەو بە توندی لە ئێران دەدەنەوە.
"ئێرانییەکان هەڵەیان کرد"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێرانییەکان هەڵەیان کرد، کاتێک پێشێلی لێکتێگەیشتنەکەیان کرد.
ڕێگە بە ئێران نادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکەی دووپاتیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێرانییەکان نادرێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر ئێستا خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوونایە بەکاریان دەهێنا.
ترەمپ لە بارەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووش باسی لەوە کرد، هیچ دڵخۆش نییە بەو کارەی ئێرانییەکان ئەنجامی دەدەن، بابەتەکە پەیوەندیی نییە بە گۆڕینی ڕژێمی ئێرانەوە، بەڵام نایانەوێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
"پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران ڕادەگرین"
سەبارەت بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانیش، سەرۆکی ئەمریکا گوتی " لەگەڵ ئێرانییەکان ڕێککەوتووین پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیان ڕابگرن، ئەگەر وا نەکەن ئەوا ئێمە ڕایدەگرین".
زنجیرەیەک هێرشی چڕ بۆسەر ئێران
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر 80 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران وەک سزایەک بۆ هێرشکردنە سەر 3 کەشتیی بازرگانی. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست، 85 پێگەی سەربازیی ئەمریکای لە بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج.
3 کاتژمێر پێش ئێستا