گەشتوگوزارى ڕاپەڕین: کێشەى کەمیى شوێنى مانەوەى گەشتیاران چارەسەر دەکەین

جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی دەربەندی ڕانیە
دیمەنێکی دەربەندی ڕانیە

گەشتوگوزارى ڕاپەڕین پەرە بە پێشخستنى کەرتى گەشتیاریى سنوورەکەی دەدات و لەڕێگەى پرۆژەیەکى وەبەرهێنانیشەوە کێشەى کەمیى شوێنى مانەوەى گەشتیاران چارەسەر دەکات.

بەرنامەی تایبەت بە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری

بەڕێز محەممەد، گوتەبێژى گەشتوگوزارى ڕاپەڕین بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، پلانى پێشخستنى کەرتى گەشتیارییان هەیە و لەڕێگەى لیژنەکانیانەوە کارى بۆ دەکەن و چەندین بەرنامەشیان بۆ پێشخستنى پشەسازیى گەشتیاری لە سنوورەکەیان هەیە.

جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە دەربەندی ڕانیە

گوتیشى، چەندین پرۆژەى وەبەرهێنان لە دەربەندى ڕانیە هەن و لە ئایندەیەکى نزیکیشدا پرۆژەیەکى دیکە لە دەربەندى ڕانیە ئەنجامدەدرێت و بەجێبەجێکردنى ئەو پرۆژەیەش، گرفتى کەمیى شوێنى مانەوەى گەشتیاران لە سنوورەکەیان چارەسەر دەکەن.

چاودێریکردنی نرخ

لەبارەى نرخیشەوە، گوتى، بەتەواوى چاودێریى دۆخەکە دەکەن و هەرکەسێک نرخ بەرزبکاتەوە، ڕووبەڕووى سزاى یاسایى دەکەنەوە.

بوونی لیژنەی ئەمنی بۆ چاودێری ئاوی سنورەکە

ڕاشیگەیاند، لەپێناو سەلامەتیى هاونیشتمانییان و گەشتیاران، لیژنەیەکى ئەمنییان بۆ چاودێریکردنى ئاوەکە پێکهێناوە و بەهاوکارى لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانیش هەوڵى پاراستنى گەشتیاران دەدەن.

ژمارەی ناوچە گەشتیارییەکان

لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین 120 ناوچەى گەشتیارى هەیە و ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بەسەربردنى کاتەکانیان ڕووى تێدەکەن.

بەگوێرەى ئامارى گەشتوگوزارى ڕاپەڕین، لە سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا زیاتر لە 210 هەزار گەشتیار سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕینیان کردووە و پێشبینیش دەکەن گەشتیار و سەردانیکەرێکى زیاتر سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانیان بکەن. 

جەبار حسین

1 کاتژمێر پێش ئێستا