داهاتووی لێکگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لوتکەی ناتۆ ڕایگەیاند، پێیوایە لێکگەشتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە و نایەوێت مامەڵە لەگەڵ ئێرانییەکان بکات.
واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە
لە 17ـی حوزەیرانی 2026 ئەمریکا و ئێران لەنێوان خۆیاندا لێکگەشتنێکیان واژۆ کرد و کۆتاییان بەو شەڕە هێنا کە لە مانگی شوباتی 2026 دەستیپێکرد.
زنجیرەیەک خولی دانوستان
ئەمریکا و ئێران دوای چەندین خولی دانوستانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی پاکستان، قەتەر، سعودیە، تورکیا و میسر گەیشتنە لێکگەشتنێک کە 14 خاڵە و واژۆیان کرد.
دوا وادەی لێکتیگەیشتنەکە 16ـی ئابی داهاتوو بووە
لە خاڵی سێیەمی لێکگەشتنەکە هاتووە، ئەمریکا و ئێران پابەندن بە بەردەوامیدان بە دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەماوەی 60 ڕۆژدا کە بە ڕەزامەندیی هەردوولا وەکو ڕێککەوتنی کۆتایی درێژ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئەم خاڵە بێت، دەبێت هەردوو لایەن پابەند بن بەوەی لەماوەی 60 ڕۆژ واتە تاوەکو 16ـی ئاب دانوستان بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بگەن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.
کۆتایی هاتنی سەرجەم جەنگ و ئاڵۆزییەکان
لەسەروو هەموو ئەمانەوە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە سەرجەم جەنگ و ئاڵۆزییەکان دەبێت کۆتاییان پێبێت، لە خاڵی یەکەم نوسراوە کە ئەم مەرجە هەموو بەرەکان دەگرێتەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا شەوى ڕابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئێران و بەهۆیەوە ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا، لەبەرامبەردا ئێرانیش هێرشی کردە سەر کوەیت و بەحرەین.
بەهۆی دوایین پاشهاتەکان و لێدوانە نوێیەکانی ترەمپ، تاوەکو ئێستا داهاتووی لێکگەشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دیار نییە، ئایا وەک خۆی بەردەوام دەبێت، یاخود وەک ترەمپ دەڵێت کۆتایی هاتووە.
ڕێککەوتنەکە هەدوولا پابەند دەکات
بە گوێرەی خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەى رێگە بە هەردوو وڵات بدات لە لێکگەیشتنەکە بکشێنەوە، بەپێچەوانەوە زۆر بە ڕوونى لە خاڵى سێیەمدا دیارە کە هەردوو وڵات پابەند دەکات بە بەردەوامیدان بە دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی لەماوەى 60 ڕۆژدا.
لە خاڵەکانى لێکگەیشتنەکە داواکراوە کە هێرش نەکرێتەسەر یەکدی، بەڵام لە شەوى ڕابردوو ئەم خاڵەیان پێشێڵکرا.
لێرە خاڵەکان دووبارە باس دەکەینەوە کە ئەمانەن...
دەقی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران
ماددەی یەکەم
ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانی لەڕێگەی واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنەوە، دەستبەجێ و بۆ هەمیشە کۆتایی جەنگ و ئاڵۆزییەکان لە هەموو بەرەکان و بە لوبنانیشەوە ڕادەگەیەنن. لەمەبەدوا بەڵێن دەدەن کە هیچ شەڕ و چالاکییەکی سەربازی دژ بە یەکدی دەستپێنەکەن، خۆیان لە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز لە دژی یەکدی بەدوور بگرن، یەکپارچەیی خاک و سەروەریی لوبنان گرەنتی بکەن. ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهاتنی هەمیشەیی شەڕە لە هەموو بەرەکاندا، بە لوبنان و ئەو شوێنانەشەوە کە لە بڕگەکانی دیکەی ئەم یاداشتنامەدا ناویان هاتووە.
ماددەی دووەم
ئەمریکا و ئێران بەڵێن دەدەن ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی بەدوور بگرن.
ماددەی سێیەم
ئەمریکا و ئێران پابەندن بە بەردەوامیدان بە دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا کە بە ڕەزامەندیی هەردوولا وەکو ڕێککەوتنی کۆتایی درێژ دەکرێتەوە.
ماددەی چوارەم
ڕاستەوخۆ دوای واژۆکرادنی ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنە، ئەمریکا دەستدەکات بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمی و لەماوەی 30 ڕۆژدا بە تەواوی گەمارۆکە کۆتایی دێت، لەم ماوەیەشدا گەرووی هوورمز دەکرێتەوە و هاتوچۆی کەشتیوانی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، هەروەها ئەمریکاش بەڵێن دەدات دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، لەماوەی 30 ڕۆژدا هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.
ماددەی پێنجەم
لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنە، ئێران هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت و بێبەرامبەری کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عوممان و بە پێچەوانەشەوە. هاتوچۆی کەشتیوانی دەستبەجێ دەستپێدەکاتەوە و پێویستیی ئێران بۆ لابردنی ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان و مینەکان لەبەرچاو دەگیرێت، لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆی. ئێران بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافە سەروەرییەکانی وڵاتانی کەناراوی گەرووی هورمز، ئیدارەی داهاتوو و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان لە گەرووی هوورمز لەگەڵ سەڵتەنەی عوممان گفتوگۆ دەکات.
ماددەی شەشەم
ئەمریکا بەڵێن دەدات لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی، پلانێکی کۆتایی و ڕێککەوتنی هاوبەش دابڕێژێت بۆ تەرخانکردنی 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا کۆتایی دێت. هەروەها ئەمریکا کارئاسانی دەکات بۆ مۆڵەت پێدانی پێویست لەم بوارەدا.
ماددەی حەوتەم
ئەمریکا بەڵێن دەدات هەموو سزاکانی سەر ئێران هەڵبووەشێنێتەوە، لەوانە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و سەرجەم سزاکانی دیکە، چی سەرەتایی بن یان لاوەکی، بەگوێرەی ئەو خشتە کاتییەی لەسەری رێککەوون، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا.
ماددەی هەشتەم
ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی پرسی لەناوبردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ڕێگەی ڕێککەوتنی دوولایەنە و بەگوێرەی خشتەیەکی کاتی کە لە ماددەی حەوتەمدا هاتووە.
ماددەی نۆیەم
لە ماوەی چاوەڕوانیدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا و ئێران کار لەسەر پاراستنی دۆخەکە دەکەن. ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەپارێزێت و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ بەسەر ئێراندا ناسەپێنێت و هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە نانێرێت.
ماددەی دەیەم
دەستبەجێ لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە و تاوەکو کاتی لابردنی سزاکان، ئەمریکا بەڵێن دەدات ڕێگە بدات بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش کارئاسانی دەکات لە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانی بواری بانکی، بیمە، گواستنەوە و ئەوانی دیکە.
ماددەی یازدەیەم
ئەمریکا بەڵێن دەدات هەموو ئەو پارە و سامانە بلۆککراوانەی ئێران بخاتە بەردەست بۆ بەکارهێنان. لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنەدا، ئەمریکا و ئێران لەکاتی دانوستانەکاندا لەسەر ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئەو پارانە ڕێکدەکەون.
ماددەی دوانزەیەم
ئەمریکا و ئێران ڕێکدەکەون لەسەر دانانی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنە و پابەندبوونەکانی داهاتوو بە ڕێککەوتنی کۆتاییەوە.
ماددەی سیازدەیەم
دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنە و بە مەرجێک بڕگەکانی یەکەم و چوارەم و پێنجەم و دەیەم و یازدەیەم جێبەجێ بکرێن و بەردەوام بن لە جێبەجێکردن، ئەمریکا و ئێران دەست دەکەن بە ڕێککەوتن لەسەر بڕگەکانی دیکە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتای.
ماددەی چواردەیەم
ڕێککەوتنی کۆتایی بە بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەند دەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا