لە نەجەف و کەربەلا ماڵئاوایی لە تەرمى عەلی خامنەیی کرا
لەناو ئاپۆرایەکى جەماوەریی گەورەدا، تەرمى عەلى خامنەیی لە نەجەفەوە گەیشتە کەربەلا، دواى زیارەتى مەزارگەى ئیمام حسێن، تەرمەکەى دەبرێتەوە شارى مەشهدى زێدى خۆى و بەخاک دەسپێردرێت.
گەیشتنی تەرمی خامنەیی و پێشوازی فروان
ئێوارەى ڕۆژى سێشەممە تەرمى خامنەیی بە یاوەریی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوە و ئيسماعيل قائانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێران، گەیشتە فڕۆکەخانەى نەجەف و لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق و ژمارەیەکى زۆر بەرپرسانى باڵاى حکومى و حیزبى پێشوازیی لە تەرمەکەى کرا.
ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی لە نەجەف
ئەمڕۆش کاتژمێر پێنجى بەرەبەیان، ڕێوڕەسمى جەماوەریی ماڵئاوایی لە تەرمى عەلى خامنەیی ڕێبەری کۆچکردووى ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەوادەکەى کە لە هێرشەکەى ڕۆژى 28ـى شوبات گیانیان لەدەستدا، لە شارى نەجەف دەستیپێکرد.
پلەی گەرمای بەرز و بەشداریی فراوانی جەماوەری
بەرزى پلەکانى گەرما کە لە نەجەف 42 پلە و لە کەربەلا 41 پلە بوو، هیچ کاریگەرییەکى لەسەر بەشداریی بەرفراوانى ماتەمگێڕان دروستنەکرد و هاوڵاتییان بەدرێژایی شەقامەکان لە پێشوازیی تەرمى خامنەییدا بوون.
هیچ گرفتێک رووینەداوە
سەعد مەعن، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى خامنەیی ڕایگەیاند، لە شارى نەجەف هیچ گرفتێک ڕووینەداوە و پرۆگرامى ڕێوڕەسمەکە وەکخۆى جێبەجێکراوە.
بەشداری سێ ملیۆن کەس لە ڕێوڕەسمەکەدا
گوتیشى، لە نەجەف نزیکەى سێ ملیۆن کەس لە ڕێوڕەسمى ماڵئاواییەکە بەشداربوون، کە لە بەرزەپردى سەدریین دەستیپێکرد و لە مەزارگەى ئیمام عەلى کۆتایی هات.
ئەنجامدانی نوێژی مردوو
هاوکات لە مەزارگەى ئیمام عەلى بە ئامادەبوونى دوو کوڕەکەى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق نوێژى مردووى لەسەر کرا و لە نەجەفەوە بەڕێکرا و کاتژمێر چوارى پاشنیوەڕۆ گەیێنرایە کەربەلا.
ڕووماڵکردنی فراوانی میدیایی
سەعد مەعن، ئاماژەى بەوەشکرد، نزیکەى چوار هەزار و 300 میدیاى عێراق و بیانى بەشدار بوون لە ڕووماڵى ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى خامنەیی و سەرجەم کەناڵە ئاسمانییە عێراقییەکان ڕووداوەکەیان بەڕاستەوخۆ گواستووەتەوە.
لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 300 میدیاکارى عێراقى لە هەردوو پارێزگاى نەجەف و کەربەلا لە ڕووماڵەکەدا بەشداربوون و 20 ئێس ئێنج تایبەت بە گواستنەوەى ڕووداوەکە ئامادەبوون و فریکوێنسى بێبەرامبەریان بۆ دابینکراوە.
هەروەها دەستەى حەشدى شەعبى ڕایگەیاند، چوار ملیۆن کەس لە کەربەلا بەشدارییان لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى خامنەیی کردووە.
ڕۆژى سێى تەمموز، ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى خامنەیی لە تاران دەستیپێکرد و دواى کەربەلا دەبرێتەوە شارى مەشهەدى زێدى خۆى و لە تەنیشت مەزارگەى ئیمام ڕەزا بەخاک دەسپێردرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا