کۆمەڵی دادگەری داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات

ژوان نیزام 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان
لۆگۆى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوای لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، پەرلەمانی کورستان هەڵبوەشێنێتەوە.

لە پێناو گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم

بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، "لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە خەم و گرفتەکانی هاونیشتیمانییان و گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، تاوەکو لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە و یاسا سەروەر بێت".

پێکنەهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان

ڕاشیگەیاندووە، دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ بەسەر دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا تێپەریوە، بەڵام دانیشتنەکە بە کراوەیی هێڵراوەتەوە و تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێنن.

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر

لە ڕاگەیێنراوەکەدا، ئاماژە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) دراوە، کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی هەرێم بووەتە کاربەڕێکەر و لەبری کارکردن بە دەقە یاساییەکان، "پەنا بۆ دەرکردنی فەرمان دەبرێت کە بەهۆیانەوە چەندین ڕسوماتی نایاسایی بەسەر هاوڵاتییاندا سەپێنراون و بارگرانییەکی دارایی گەورەیان بۆ خەڵکی دروستکردووە".

نەبوونی هیچ چاودێرییەک بەسەر ئیدارە خۆجێبەتییەکانەوە

بۆردی یاسایی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و هیچ چاودێرییەک بەسەر ئیدارەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە نەماوە، هاوکات ئەنجوومەنی شارەوانییەکانیش ماوەی یاساییان بەسەرچووە و شەرعیەتیان لەدەستداوە."

پەککەوتنی بەشێک لە کارەکانی دادگای پێداچوونەوە

دەشڵێت، "دەسەڵاتی دادوەری، وەک باڵاترین مەرجەع لەبڕی ئەوەی ببنە فریادرەسی پاراستنی مافەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ قەیرانەکان، دەبینین کارەکانی باڵاترین دەستەی دادوەری کە دادگای پێداچوونەوەیە لە لایەن بەشێک لە دادوەرانەوە کارەکانی بەرەو پەککەوتن دەبرێت".

ژوان نیزام

1 کاتژمێر پێش ئێستا