نێچیرڤان بارزانى بڕوانامەى مەدالیاى سوارچاکى خاچى مەزنى پێبەخشرا

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر، باڵیۆزى ئیتاڵیا لە عێراق بڕوانامەى مەدالیاى خاچى مەزنى بەخشییە نێچیرڤان بارزانى، خەڵاتەکە لەلایەن سەرۆکى ئیتاڵیاوە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەى کە کاریگەرییان لەسەر پرسى ئاشتى هەبووە.

بڕوانامەکە لە لایەن سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە دەبەخشرێت

نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، بڕوانامەکە بە ناوى سەرۆککۆمارى ئیتاڵیاوە پێشکەشى نێچیرڤان بارزانى دەکات، چونکە ناوبراو ڕۆڵى هەبووە لە پەرەپێدانى گفتوگۆ و ئاشتى لە ماوەى چەند دەیەیەکى ڕابردوودا.

پشتیوانی لە پەیوەندییە سیاسییەکان

گوتیشى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پشتیوانیى پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ڕۆما و بوونى هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات.

لایخۆشیەوە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ڕێوڕەسمەکە ڕایگەیاند، ڕێزلێنانەکە پێزانینە لە هەوڵى هەموو ئەوانەى کە کاریان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە.

کاریگەریی ئیتالڵیا لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق

گوتیشى، پشتیوانى و پشتگیریی ئیتاڵیا لە هێزى پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کاریگەرى هەبوو لە پاراستنى هەرێمى کوردستان و عێراق و ئیتاڵیا پشتیوانى لە چاکسازى و یەکخستى هێزەکانى پێشمەرگە دەکات.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا تەنها لە سنووری سیاسیدا نەماوەتەوە

نێچیرڤان بارزانى جەختیکردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیتاڵیا تەنیا لە سنوورى سیاسى نەماوەتەوە و ئابوورى و بازرگانى و کولتوور و فەرهەنگیشى گرتووەتەوە. گوتیشی، پێزانینى تایبەتیان هەیە بۆ هەوڵى ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە بوارى کولتوور و پاراستنى شوێنەوار.

بنیاتنانی کونسوڵخانەی نوێی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ئیتاڵیا هەوڵى باشترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەدات و کونسوڵخانەکەیان لەهەولێر زەوییان کڕیوە و دەیانەوێت باڵەخانەنى نوێى کونسوڵخانەکەیانى لەسەر بونیاد بنێن.

لە ڕێوڕەسمەکە قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئامادەبوون.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا