ئێران کوژرانی هەشت سەربازی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە ڕاگەیاند

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆسەر پێگە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران
دیمەنی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆسەر پێگە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران

سوپای ئێران کوژرانی هەشت سەربازی بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکاوە بۆ سەر باشووری وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

کوژراوەکان سەربازی هێزی ئاسمانی و دەریاوانی بوون

لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە لایەن تەلەڤزیۆنی فەرمییەوە بڵاوکرایەوە سوپای ئێران گوتى "دوابەدوای ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییەی لەلایەن سوپای "تیرۆریستی" ئەمریکاوە کرایە سەر ناوچەکانی باشووری وڵات، هەشت سەربازی هێزەکانی ئاسمانی و دەریایی ئێران لە بەندەرعەباس و بوشەهر کوژران".

خۆ بە دوورگرتن لە جەنگی دوورمەودا

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ڕۆژێکی پڕ چالاکیی ڕۆژنامەوانیی لە لوتکەی ناتۆ بەڕێکرد، جارێکی دیکە لەسەر ئێران قسەی بۆ میدیاکان کرد و جەختی لەوەکردەوە هێرشی ئەمجارەیان بەخێرایی کۆتایی دێت. گوتیشى "ئێمە هەوڵنادەین جەنگێکی دوورمەودا هەڵگیرسێنین". ئاماژەى بەوەکرد، جارێکی دیکە جەنگی بەردەوام هەڵناگیرسێتەوە".

هێرشی توندی ئێران بۆسەر ترەمپ

لە بەرامبەردا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ترەمپ تاوانبار و بکوژە و پێویستە بە زمانی خۆی لەگەڵی بدوێیت، چونکە لە زمانی هێز باشتر تێدەگات.

ئابادی، "ئەمریکا ناتوانێت لە رێگەی سیاسەتی هێز، گەمارۆ و هەڕەشەوە گەلی ئێران ملکەچ بکات".

هێرشەکانی ئێران بۆسەر بەحرەین و کوەیت هیچ زیانێکی گیانی نەبووە

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناوی ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس ڕاگەیاند، هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لە بەحرەین و کوەیت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانیان بە بنکەکانیان نەگەیاندووە، گوتیشی "سەرجەم ئەو مووشەک و درۆنانەی ئێران هەڵیانداوە، ڕێگرییان لێکراوە و زیانێکی بەرچاویان نەبووە".

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا