مانگى ڕابردوو داهاتى دەروازە سنوورییەکانى ئەنبار گەیشتووەتە 109 ملیار دینار
حکومەتى خۆجێی ئەنبار ڕایگەیاندووە، داهاتى دەروازە سنوورییەکانى پارێزگاکەى لە مانگى حوزەیران گەیشتووەتە 109 ملیار دینار، دەشڵێت، مانگى ئایار داهاتى هەمان پارێزگا نزیکەى 90 ملیار دینار بووە.
زیادبوونی داهات و زیادبوونی جوڵەی بازرگانی
موئەیەد دلێمى، گوتەبێژى پارێزگاى ئەنبار ڕایگەیاند، داهاتى هەر چوار دەروازە سنوورییەکەى پارێزگاکە، گەیشتووەتە 109 ملیار دینار، هۆکاری ئەو زیادبوونەش، زۆربوونی جووڵەى بازرگانییە لەڕێگەى وشکانیی بەشێوەى ترانزێت بۆ وڵاتانى کەنداو.
ئاسانکاری تەواو بۆ هاتوچۆی بازرگانی
عومەر مەشعان، پارێزگارى ئەنبار ڕایگەیاندووە، تەواوى ئاسانکارییان بۆ هاتوچۆى بازرگانى لە دەروازە سنوورییەکانى پارێزگاکەیان کردووە و لەم ڕووەوە حکومەتى فیدراڵ هیچ پاڵپشتییەکى دارایی نەکردوون.
زیادبوونی داهاتی مانگی ئایار و حوزەیران
حکومەتى خۆجێیی ئەنبار جەخت دەکاتەوە داهاتى مانگى ئایار و حوزەیرانى پارێزگاى ئەنبار گەیشتووەتە نزیکەی 200 ملیار دینار.
بایەخی سنووری پارێزگای ئەنبار
پارێزگاى ئەنبار سنوورى بە سێ وڵاتى دراوسێى عێراقەوەیە، دەروازەى عەرعەر لەگەڵ سعودیە، دەروازەى ترێبیل لەگەڵ ئوردن، دەروازەى وەلید و قائیم لەگەڵ سووریا.
داهاتی دەروازە سنورویەکانی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ
داهاتى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە پێنج مانگى یەکەمى ئەمساڵ، یەک ترلیۆن و 290 ملیار دینارى عێراقى بووە و بۆ هەر مانگێک داهاتى سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بەبێ دەروازەکانى هەرێمى کوردستان، 258 ملیار دینار بووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا