ئەمریکا 80 پێگەی سەربازیی ئێرانی پێکا؛ ترەمپ هۆشداری دەدات

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ تاران، سوپای ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین شاری باشووری ئێران دەستپێکرد و زیاتر لە 80 پێگەی سەربازی و ستراتیژی پێکاوە.

هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتن و دەسپێکی هێرشەکان

ئەمریکا نیوەشەوی پێنجشەممە گەڕێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خاکی ئێران دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە دوای چەند کاتژمێرێک هات لە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا ڕایگەیاند ڕێککەوتنی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ تاران کۆتایی هاتووە. سوپای ئەمریکا ئامانجی ئەم هێرشانەی بۆ دابەزاندنی توانای ئێران گەڕاندەوە لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

ناوچە و شارە بە ئامانجگیراوەکان

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، هێرشەکان چەندین شاری گرنگی باشووری ئەو وڵاتەیان گرتووەتەوە، لەوانە بەندەر عەباس، سیریک و بوشەهر. لە شارەکانی چابەهار و کونارک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بیستراوە و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کارەبا لە بەشێکی شاری چابەهار پچڕاوە. هەروەها دوورگەی ئەبو موسا بەچڕی بۆردوومان کراوە و دەنگی 10 تەقینەوەی تێدا بیستراوە.

بۆردوومانکردنی ژێرخانی دەریایی و دۆخی وێستگەی ئەتۆمی

ئاژانسی مێهری ئێرانی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا دوو دەرچەی دەریایی و تاوەرێکی کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریایی لە چابەهار پێکاوە. هاوکات سێ تەقینەوەی بەهێز لە شاری جغادک لە پارێزگای بوشەهر ڕوویداوە. ماڵپەڕی نور نیوز لەبارەی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهرەوە ڕایگەیاند، سەرباری هێرشەکان بۆ سەر پارێزگاکە، بەڵام هیچ زیانێک بە وێستگە ئەتۆمییەکە نەگەیشتووە.

چڕیی هێرشەکان و ژمارەی پێگەکان

بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی شەوی پێنجشەممە زۆر توندتر بوون لەوانەی ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامدراون. ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە کە لەم هێرشە نوێیەدا زیاتر لە 80 پێگەی جیاواز لە ناوخۆی ئێران کراونەتە ئامانج و گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە.

هەڕەشەکانی تره‌مپ و بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان

دۆناڵد تره‌مپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی بڵاوکردەوە کە لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کراون. تره‌مپ هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و گوتی ئەگەر ئێران جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر کەشتییەکان، توندتر لێیان دەدەین و دۆخی وڵاتەکە زۆر خراپتر دەبێت لەوەی ئێستا دەیبینن.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا