دابەشکردنی زەوی بە ژمارە؛ هەولێر لە پێشەنگدایە و 8 هەزار فەرمانبەر لە هەڵەبجە چاوەڕوانی دەستپێکردنی پرۆسەکەن

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پارچە زەوییەکی تەرخانکراو بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا
پارچە زەوییەکی تەرخانکراو بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا

دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی سوودمەند نەبوو، پڕۆسەکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 85 هەزار فەرمانبەر لە سێ پارێزگاکە زەوییان وەرگرتووە.

بڕیاری حکومەت و مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی

بەپێی نووسراوی ژمارە 242ـی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 27ـی ئازاری 2024 دەرکراوە، بڕیاردرا زەویی 200 مەتری بدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون. لەسەرجەم هەرێمی کوردستان ناوی نزیکەی 500,000 فەرمانبەر و خانەنشین پەسەندکراوە، بەو مەرجەی ساڵانی خزمەتیان لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت.

ئاماری دابەشکردن لە پارێزگای هەولێر

لە سنووری پارێزگای هەولێر 83,000 کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا نزیکەی 45,000 فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە. لە دوایین هەنگاویشدا لە 8ـی تەمموز، بڕی 2,600 پارچە زەوی لە ڕێگەی تیروپشکەوە بەسەر فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانی لە قەزای خەبات و ناحیەی ڕزگاری دابەشکرا.

پڕۆسەکە لە سنووری سلێمانی

ئەنجوومەن حسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە دوو قۆناغدا زیاتر لە 23,000 پارچە زەوی دابەشکراون. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەکارییەکان بۆ دەسپێکردنی قۆناغی سێیەم دەستیپێکردووە. لە سنووری شارەوانیی سلێمانی بە گشتی 70,000 کەس وەک کەسانی شایستە بۆ وەرگرتنی زەوی دیاریکراون.

دۆخی دابەشکردنی زەوی لە دهۆک

لە پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا 17,000 پارچە زەوی دابەشکراوە و 5,000 پارچە زەوی دیکەش ئامادەکراون بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا دابەش بکرێن. لەم پارێزگایە 70,000 فەرمانبەر فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە و لیژنەکان خەریکی وردبینیکردنی ناوەکانن.

فەرحان عیزەت: لە هەڵەبجە 8 هەزار فەرمانبەر مەرجەکانیان تێدایە

گوتەبێژی شارەوانیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، 10,000 فەرمانبەر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و زیاتر لە 8,000 کەسیان مەرجی وەرگرتنی زەوییان تێدایە. فەرحان عیزەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کار لەسەر دیاریکردنی نەخشەی شوێنەکان دەکرێت و دوای ڕەزامەندی وەزارەتی شارەوانی، دابەشکردن دەستپێدەکات. پێشتر لەمساڵدا 570 زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و 198 زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی لیستی ساڵی 2005 دابەشکراون.

کۆبەندی ئاماری دابەشکردنی زەوی بە ژمارە:

هەولێر:

45,000 کەس زەوییان وەرگرتووە.

83,000 کەس مافی وەرگرتنیان هەیە.

سلێمانی:

23,000 کەس زەوییان وەرگرتووە.

70,000 کەس مافی وەرگرتنیان هەیە.

دهۆک:

17,000 کەس زەوییان وەرگرتووە.

70,000 کەس مافی وەرگرتنیان هەیە.

هەڵەبجە:

8,000 کەس مافی وەرگرتنیان هەیە.

پڕۆسەی دابەشکردنی نوێ دەستیپێنەکردووە و لە قۆناغی نەخشەسازییە.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا