لە نەجەفەوە بۆ مەشهەد؛ دوایین وێستگەی تەرمی عەلی خامنەیی
پڕۆسەی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری کوژراوی ئێران لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆتایی هات و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ مەبەستی بەخاکسپاردنی لە شاری مەشهەد، گەڕێندرایەوە بۆ وڵاتەکەی.
دواکەوتنی گواستنەوەی تەرمەکە
بڕیاربوو تەرمی عەلی خامنەیی تەنیا 24 کاتژمێر لە عێراق بمێنێتەوە و ئێوارەی چوارشەممە ڕەوانەی ئێران بکرێتەوە. بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆر و ئامادەبوونی ملیۆنان کەس لە ڕێوڕەسمەکاندا، پڕۆسەی گواستنەوەی بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دواکەوت.
ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لە کەربەلا
درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕێوڕەسمەکان لە شاری کەربەلا کۆتاییان هات. تەرمەکە گەیێندرایە مەزارگەکانی ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس، لەوێش نوێژی مردوو بە ئیمامەتی شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵا بۆ بەشداربووان ئەنجامدرا.
ئاماری بەشداربووان و ڕووماڵی میدیایی
لیژنەی باڵای ڕێوڕەسمی بەڕێکردن ڕایگەیاند، 3,000,000 کەس لە نەجەف و چەندین ملیۆن کەسی دیکەش لە کەربەلا بەشدارییان لە بەڕێکردنی تەرمەکەدا کردووە. بۆ گواستنەوەی ئەم ڕووداوەش، زیاتر لە 4,300 میدیاکاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەڕێگەی 20 ئۆتۆمبێلی پەخشی ڕاستەوخۆوە کارەکانیان ئەنجامداوە.
پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری
فەریق سەعد مەعن، وتەبێژی لیژنەی باڵای ڕێوڕەسمەکان ڕایگەیاند، پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران. سەرەڕای ئەوەی پلەی گەرمای ناوچەکە گەیشتبووە 44 پلەی سیلیزی، هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە. تەنیا لە کەربەلا 6,000 کارمەند ئەرکی پاراستنی مەوکیبەکەیان لە ئەستۆ بووە و 500 مەوکیبیش خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە.
ئامادەبوونی کەسایەتییە باڵاکان
لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای عێراق و ئێران ئامادەبوون. لە دیارترین بەشداربووەکانیش هەردوو کوڕی مەرجەعی باڵا، محەممەد ڕەزا و محەممەد باقر سیستانی بوون.
گەڕانەوە بۆ ئێران و کاتی ناشتن
دوای تەواوبوونی هەموو ڕێکارەکان لە عێراق، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمەکە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بۆ ئێران گەڕێندرایەوە. بڕیار وایە هەر ئەمڕۆ لە شاری مەشهەد و لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا تەرمەکە بەخاک بسپێردرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا