ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی لە زیادبوونی ڕێژەی دەستنیشانکردن بە شێرپەنجە دەدات
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا هۆشداریی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی دەستنیشانکردن بە شێرپەنجە دەدات و دەڵێت '' تاوەکو ساڵی 2025، ڕێژەی دەستنیشانیکردن بە نەخۆشیی شێرپەنجە دوو هێندە زیاد دەکات و ساڵانە نزیکەی 35 ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن''.
''ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن''
ڕێکراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت '' ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست لێکەوتە نەخوازراوە دەروونی، جەستەیی و داراییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەناڵێنن، ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن، نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە دووەم هۆکاری گیانلەدەستدان لە جیهاندا دادەنرێن''
ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهاندا
سەبارەت بە ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە، تەندروستیی جیهانی دەڵێت '' زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە وڵاتانی ئاسیا تۆمار کراون، واتە سەروو %50.7ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە وڵاتانی ئاسیا تۆمارکراون، ڕێژەی گیانلەدەستدانیش بە شێرپەنجە لە ئەم وڵاتانە گەیشتووەتە %56.5، لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەی دەستنیشانکردن بە نەخۆشیی شێرپەنجە گەیشتووەتە نزیکەی %21''.
جۆرە باوەکانی شێرپەنجە
ڕێکخراوە جیهانییەکە دەڵێت '' شێرپەنجەی سییەکان وەکو یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە ماوەتەوە، شێرپەنجەی سییەکان، پڕۆستات، کۆڵۆن و ڕێکە، لە شێرپەنجە باوەکانی پیاوانن''
''دەتوانرێت ڕێگریی لە تووشبوون بە شێرپەنجە بکرێت''
تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند: دەتوانرێت ڕێگری لە تووشبوونی چوار کەس لە 10 کەس بکرێت لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، بۆ نموونە دەتوانرێت ڕێگریی لە تووشبوون بە شێرپەنجەکانی ملی منداڵدان و شێرپەنجەی جگەرەوە بکرێن لە ڕێگەی:
- کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پێکهاتەی تووتن
- دابەزاندنی کێشی جەستە
- وەرزشکردن
3 کاتژمێر پێش ئێستا