جووتیارە کوردەکەی سنووری پردێ ئازادکرا

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هەردی زەینەڵ، ئەو جووتیارە کوردە پێشتر لە 3ـی تەمموز، لە گوندی قەزنەفەر لەسەر ڕێگەی کەرکووک-هەولێر لە سنووری شارەدێی پردێ ڕفێندرا
هەردی زەینەڵ، ئەو جووتیارە کوردە پێشتر لە 3ـی تەمموز، لە گوندی قەزنەفەر لەسەر ڕێگەی کەرکووک-هەولێر لە سنووری شارەدێی پردێ ڕفێندرا

پاش نزیکەی هەفتەیەک لە ڕفاندن و بێسەروشوێنبوونی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جووتیارە کوردەکەی سنووری پردێ، ئازادکرا.

لەلایەن چەکدارى نەناسراوەوە ڕێفێندرابوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەمموزی 2026، ئەو جووتیارە کوردە ئازادکرا کە هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە سنووری پردێ ڕفێندرابوو.

لەبەرامبەر پارە ئازادکرا

ئەو جووتیارە کوردە پێشتر لە 3ـی تەمموز، لە گوندی قەزنەفەر لەسەر ڕێگەی کەرکووک-هەولێر لە سنووری شارەدێی پردێ ڕفێندرا، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، جووتیارە کوردەکە بەیانی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی گورزەیی لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئازادکراوە و سەرچاوە نافەرمییەکانیش دەڵێن، بڕێک پارە لە کەسوکارى هەردى وەرگیراوە.

لە ژوورێکدا یەک ژەم خواردنى پێدراوە

کەناڵ8 زانیویەتی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەو جووتیارە کوردە لە ژوورێکدا بە تەنیا ڕاگیراوە و ڕۆژانەش تەنیا یەک ژەم خواردنی پێدراوە، بەڵام بەهۆی ترسی جووتیارەکە خۆی و کەسوکارەکەی لە هێرشکردنەوە سەریان لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە ئامادەنین قسە بکەن، لایەنە فەرمییەکانیش لە هەوڵی دەستکەوتنی زانیاری نوێ و بەدواداچوونی ڕووداوەکەدان.

باوکى چوار منداڵە

جووتیارەکە ناوی هەردی زەینەڵە و خەڵکی گوندی قەزنەفەری شارەدێی پردێیە، لە دایکبووی ساڵی 1989ـە و باوکی چوار منداڵە، ڕۆژی 3ـى مانگ بە ئۆتۆمبێلەکەی لە کاتی چوون بۆسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیارنەما، بەڵام ڕۆژی دواتر ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک گوندی کتکە لە سنووری شارەدێی پردێ دۆزراوەیەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەردەوام بوو.

کۆماندۆى کوردستان ئۆپراسیۆنێکى ئەنجامدا

هەر لەو سەرووبەندەشدا بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش و مۆڵگەکانیان، ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی کۆماندۆی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە سنووری پردێ، بەڕێوەچوو و تیایدا پێنج چەکداری داعش کوژران و ژمارەیەک چەکداریش بە برینداری دەستگیرکران هەروەها چەند حەشارگەیەکیان لەناوبرا.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا