هەڕەشەی "خاتەمولئەنبیا" بۆ ئەمریکا: ڕێگە نادەین دەستتێوەردان لە گەرووی هوورمز بکەن
گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و سوپای پاسداران چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.
وەڵامدانەوەی سەربازیی پاسداران لە کوەیت و بەحرێن
سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند، لە وەڵامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆسەر خاکی وڵاتەکەی، زنجیرەیەک هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامداوە. پاسداران ئاشکرای کرد، لەڕێگەی درۆن و مووشەکەوە بنکەکانی "عەریفجان و عەلی سالم"یان لە وڵاتی کوەیت، هەروەها بنکەکانی "جوفەیر و شێخ عیسا"یان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن.
ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی ئەمریکا
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری قوربانییانی 48 کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە 14 کەس کوژراون و 78ـی دیکە بریندار بوون. هێرشەکان پێنج پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە و تێیدا فڕۆکەخانەی ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و چەند ناوچەیەک لە پارێزگای خوزستان کراونەتە ئامانج. هەروەها سوپای پاسداران کوژرانی 8 ئەندامی هێزی ئاسمانی و دەریایی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای ئێران پشتڕاستکردەوە.
هۆکاری سەرهەڵدانی گرژییەکان لە گەرووی هورمز
سەرەتای گرژییە سەربازییەکان بۆ چەند ڕۆژی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی 3 کەشتیی بازرگانیی لە نزیک گەرووی هوورمز پێکاوە. لە بەرامبەردا سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەوان پێشتر هۆشدارییان دابووە ئەو کەشتییانە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەکانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە.
هەڕەشەکانی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی ئەمریکا لە کاروباری گەرووی هورمز نادەن و وەڵامی هەر هێرشێکی نوێ دەدەنەوە. ئەو ناوەندە سەربازییە جەختی کردەوە کە "تاکە ڕێگەی ئارام و سەلامەت بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز تەنیا ئەو ڕێگەیەیە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران دیاری دەکەن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەپاندنی هەژموونی سەربازیی وڵاتەکەیان بەسەر ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا