ئینستیتیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان: نیگەرانین لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی کریستییانەکان لە دهۆک

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئینستیتیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، نیگەرانە لە داگیرکردنى زەوى هاونیشتمانییانى پێکهاتەی کریستیان لە پارێزگاى دهۆک و داواش لە گرتنەبەری هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییە پێویستەکان دەکات، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

زەوی 56 گوندی کریستیان دەستى بەسەرداگیراوە

ئینستیتیوتەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی پێشهات و گەشەسەندنەکانی پەیوەست بە ناڕەزاییەکان دەکات، کە ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانى پێکهاتەی کریستیان لە پارێزگای دهۆک زەوییەکانیان لە 56 گوندی کریستیان دەستى بەسەرداگیراوە.

نیگەرانى لەجێبەجێنەکردنى بڕیارى دادگا

دەشڵێت، نیگەرانن لە دواخستنی جێبەجێکردنی ژمارەیەک بڕیاری کۆتایی دادگا کە لە بەرژەوەندییان دەرچووە.

ئینستیتیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان: پاڵپشتى کریستیانەکانین

ئینستیتیوتەکە، پشتگیری خۆی بۆ داواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران و مافەکانیان لە بەرگریکردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەشێوەی یاسایی و ئاشتییانە دەردەبڕێت، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی دادوەری و جێبەجێکردنی حوکمە دادگاییە کۆتاییەکان دەکاتەوە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە

ئینستیتیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە و داوایان لێدەکات بۆ گرتنەبەری هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕوون، بەجۆرێک پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی تایبەت دابین بکات.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا