موجتەبا خامنەیی گەڕایەوە؛ برینەکانی چاکبوونەتەوە و پلانی نوێی هەیە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

دوای 4 مانگ لە دەرنەکەوتنی، زانیارییە نوێیەکان باس لە چاکبوونەوەی موجتەبا خامنەیی و نەخشە ڕێگای نوێی ئەو بۆ داهاتووی ئێران دەکەن.

چاکبوونەوەی برینەکانی موجتەبا خامنەیی

ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارانی بیانییەوە بڵاویکردەوە، برینەکانی موجتەبا خامنەیی بە تەواوی چاکبوونەتەوە. ناوبراو پێشتر بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تووشی برینداری ببوو، بەڵام ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.

هۆکاری دەرنەکەوتنی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی باوکی

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، موجتەبا خامنەیی ماوەی 4 مانگە لە چاوی میدیاکان و شوێنە گشتییەکان دوورکەوتووەتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دەرنەکەوتنە و بەشدارینەکردنی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و نێژرانی تەرمی عەلی خامنەیی باوکی، تەنیا بۆ بارودۆخی ئەمنی و پاراستنی ژیانی دەگەڕێتەوە، نەک بوونی کێشەی تەندروستی.

زیادکردنی هەژموونی سوپای پاسداران

سەرچاوە نزیکەکان لە دەسەڵاتی تاران ئاشکرایان کردووە کە موجتەبا پلانی هەیە ڕۆڵی دامەزراوە سەربازییەکان، بەتایبەت سوپای پاسداران لە نێو جومگەکانی حکومەتدا بەهێزتر و گەورەتر بکات. ناوبراو دەیەوێت ئەم هێزە لەگەڵ نەوەیەکی گەنج و دڵسۆز تێکەڵ بکات کە ئامادەن بۆ هەر جۆرە قوربانییەک و خستنە مەترسیی ژیانی خۆیان لە پێناو مانەوەی سیستەمەکەدا.

ئاڕاستەی داهاتووی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە

لەبارەی شێوازی حکومڕانیی موجتەبا خامنەیی، فاینەنشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو داخراویی زیاتر دەچێت. بەڵام لە بەرامبەردا، لە ڕووی دۆسیە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێشبینی دەکرێت سیاسەتێکی کراوەتر پەیڕەو بکات، بە جۆرێک کە هاوسەنگییەک لە نێوان توندیی سیاسی و نەرمی نواندن لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بکات.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا