سەڵاحەدین بابەکر: ڕۆژانی داهاتوو چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێم دەشکێنرێت
پاش دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی، لایەنە خاوەن فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە تاوەکو گرێکوێرەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەنەوە.
ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لایەنە خاوەن فراکسیۆنەکان
سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهادینیان داوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی ئەو لایەنانەی فراکسیۆنیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە ئەنجام دەدرێت و وا بڕیاریشە یەکێتی و پارتی تێیدا بەشدار بن، ئەمەش بە مەبەستی زەمینەسازیی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت.
هەوڵ بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی جەختی کردەوە کە ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە ڕێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە، لایەنەکان دەیانەوێت ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنیەتی کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دابنێن، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر پڕۆسەکە وەستا بوو.
ڕێڕەوی دانوستانەکان لە دوای هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، بەڵام یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم تاوەکو 7ـی کانوونی دووەمی 2025 دواکەوت. سەرەڕای ئەنجامدانی 20 کۆبوونەوە، لایەنەکان تەنیا توانیویانە ڕەشنووسی دیدگایەکی هاوبەش بۆ شێوازی حکومڕانی بنووسنەوە و لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتوونەتە بنبەست.
گۆڕانی هاوکێشەی هێز و بەربەستەکان
بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت لەوەدا کورت دەبێتەوە کە پارتی دەیویست بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان پۆستەکان دابەش بکات. لە بەرامبەردا، یەکێتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەوەی نوێ پێک هێنا و بە بلۆکێکی 39 کورسییەوە گەڕایەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. ئەم گۆڕانکارییە لە هاوکێشەی هێزدا لە لایەن پارتییەوە قبوڵکراو نەبووە و بووەتە هۆی پەکخستنی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت تاوەکو ئێستا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا