جیهان بەرەو کارەساتێکی ژینگەیی نوێ؛ ساڵی 2025 بووە ساڵی "خنکانی" زەوی بە گازی سووتێنراو
ئاستی سووتاندنی گازی سرووشتی لە ساڵی 2025 گەیشتە ڕیکۆردێکی نوێ کە لە ساڵی 2019ـەوە وێنەی نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەفیڕۆدانی 54 ملیار دۆلار و پیسبوونی زیاتری ژینگە.
ڕیکۆردێکی نوێ لە دەردانی گاز
بە گوێرەی ئامارەکانی بانکی جیهانی، لە ساڵی 2025ـدا دەردانی گاز لە جیهاندا گەیشتووەتە 167 ملیار مەتر سێجا. ئەم ژمارەیە ڕیکۆردێکی نوێیە و لە ساڵی 2019ـەوە ئاستی وا بەرز تۆمار نەکراوە. مەترسییەکە لەوەدایە کە ساڵ لە دوای ساڵ بڕی ئەم گازە لە بەرگەهەوا و ژینگەی زەویدا ڕوو لە زیادبوونە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە ڕێگری لێ بکەن.
زیانە داراییەکان و بەفیڕۆدانی سامان
ئەو گازەی لە ساڵی 2025ـدا بەهۆی سووتاندن لە کێڵگە نەوتییەکانەوە چووەتە ناو بەرگەهەواوە، بەهاکەی بە 54,000,000,000 (54 ملیار) دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت. لە کاتی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردیندا، کەمترین وڵات هەوڵیان داوە سوود لەو گازە وەربگرن، بەڵکو زۆرینەیان یان دەیسووتێنن یان بە خاوی لە بەرگەهەوادا بەرەڵای دەکەن، ئەمەش بە واتای بەفیڕۆدانی سەرمایەیەکی گەورەی وزە دێت.
پێگەی عێراق لە سووتاندنی گازدا
بەگوێرەی داتاکانی بانکی جیهانی، عێراق یەکێکە لە سێ وڵاتە هەرە مەترسیدارەکەی جیهان بۆ کوالێتی هەوا و دەردانی گاز. لە ڕیزبەندی قەبارەی سووتاندنی گازدا، عێراق پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی جیهان گرتووە و تەنیا لە دوای ڕووسیا و ئێران دێت. هەرچەندە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو گازە کۆبکاتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاریبهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی بەفیڕۆدانەکە لە ئاستێکی بەرزدایە.
ڕیزبەندی وڵاتان لە سووتاندنی گازی سرووشتیدا (ساڵی 2025)
بە گوێرەی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، 9 وڵات بەرپرسن لە 80%ـی کۆی گشتیی دەردانی گازەکان لە جیهاندا، کە قەبارەی سووتاندنیان بەم شێوەیەیە:
کۆی گشتیی جیهان: 167 ملیار مەتر سێجا
ڕووسیا: 30 ملیار مەتر سێجا
ئێران: 22.4 ملیار مەتر سێجا
عێراق: 18.2 ملیار مەتر سێجا
ڤەنزوێلا: 14.5 ملیار مەتر سێجا
مەکسیک: 12.8 ملیار مەتر سێجا
لیبیا: 10.3 ملیار مەتر سێجا
جەزائیر: 9.1 ملیار مەتر سێجا
نێجیریا: 8.5 ملیار مەتر سێجا
ئەمریکا: 7.9 ملیار مەتر سێجا
وڵاتانی دیکە: 33.2 ملیار مەتر سێجا
دەرئەنجامە ژینگەییەکان
بڵاوبوونەوەی ئەم بڕە زۆرەی گاز و سوتەمەنییە بەردینانە وایکردووە کە زەوی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوا ببێتەوە. بەفیڕۆدانی ئەو 167 ملیار مەتر سێجایە، نەک تەنیا زیانی داراییە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی ئەو وڵاتانە و جیهانیش هەیە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا