ئێران: نوێنەرانی 27 وڵات بەشدارن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە مەشهەد

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا

تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران دوای گەڕانەوەی لە عێراق و ماڵئاوایی ملیۆنی لێی، گەیشتەوە شوێنی لەدایکبوونی خۆی بۆ ئەوەی لە مەراسیەکدا بە خاک بسپێردرێت.

مەراسیی کۆتایی و بەشداربووە نێودەوڵەتییەکان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تەمموز، لە شاری مەشهەد و لە مەزاری ئیمام ڕەزا، تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران بە خاک دەسپێردرێت. بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، سەرکردە و نوێنەرانی 27 وڵاتی جیاواز گەیشتوونەتە مەشهەد بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا بکەن، ئەمە جگە لە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس لە چین و توێژە جیاوازەکانی سەرجەم پارێزگاکانی ئێران.

گەشتی تەرمەکە لە عێراقەوە بۆ مەشهەد

تەرمی خامنەیی درەنگانی ڕۆژی 7ـی تەمموز بە یاوەریی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمار، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس گەیشتە فڕۆکەخانەی نەجەف. لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا، نزیکەی 7,000,000 (حەوت ملیۆن) کەس ماڵئاواییان لە تەرمەکە کرد. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە تەرمەکە ڕەوانەی شاری مەشهەد کرایەوە.

ڕێکارە ئەمنییەکان و ئامادەکارییەکان

بەرپرسانی ئەمنیی تاران و مەشهەد ڕایانگەیاندووە کە هەموو ڕێکارە ئەمنییە توندەکان لە نێوان تاران و مەشهەد و پارێزگاکانی دیکە گیراونەتەبەر. ئەم ڕێکارانە بۆ پاراستنی گیانی ئەو شاندە نێودەوڵەتییانە و بەرپرسە باڵایانەیە کە لە مەراسییەکەدا ئامادەن، چونکە مەشهەد بە یەکێک لە پیرۆزترین شوێنە ئایینییەکان لە ئێران دادەنرێت و ناشتن تێیدا بایەخێکی زۆری هەیە.

وەسیەتی خامنەیی بۆ شوێنی ناشتنەکەی

بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی خامنەیی، ناوبراو لەسەر وەسیەتی خۆی لە مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مەشهەد شوێنی لەدایکبوونیەتی، لێی گەورە بووە و خوێندنی ئایینی تێدا دەستپێکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەزاری خومەینی لە گۆڕستانی "بەهەشتی زەهرا"یە لە تاران، بەڵام خامنەیی مەزاری ئیمام ڕەزای هەڵبژاردووە کە بە شانازییەکی گەورەی ئایینی دادەنرێت.

کورتەیەک لە ڕێوڕەسمەکان و ڕووداوی کوژرانی

پێش گەیشتنی بۆ عێراق و مەشهەد، ڕۆژی یەکشەممە 5ـی ئەم مانگە نوێژی مردوو لەسەر تەرمی عەلی خامنەیی و 4 لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تاران کرا، ڕۆژی سێشەممە 7ـی تەمموزی 2026ـیش لە شاری قوم ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ ئەنجامدرا. عەلی خامنەیی لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی حەوانەوەی لە تاران کوژرا، کە تێیدا "موجتەبا"ی کوڕی و ڕێبەری ئێستای ئێران بریندار بوو.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا