ئەردۆغان دەمانچەیەکی دروستکراوی وڵاتەکەی بە سەرکردەکانی ناتۆ بەخشی
ئەردۆغان وەک دیاری، دەمانچەی بە سەرکردەکانی ناتۆ بەخشی و بەهۆی قەدەغەکردنی بردنی چەک بۆ بەریتانیاش، ستارمەر دیارییەکەی وەرنەگرت و ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش دەمانچەکەی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە بەجێهێشت.
دیارى پێدان بە سەرکردەکانى ناتۆ
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دیارییەکی سەرنجڕاکێشی بە سەرکردەکانی ناتۆ بەخشی، کە لە ڕۆژانی حەوت و هەشتی تەمموز بۆ بەشداریکردن لە 36ـەمین لووتکەی ڕێکخراوەکە، سەردانی ئەنقەرەیان کرد.
لەسەر دەمانچەکە ناوى ئەو کەسە هەڵکۆڵراوە کە پێیبەخشراوە
دیارییەکە دەمانچەیەکی تۆپلی جۆری ئێس ئاڕ38ــی دەستکردى تورکیایە و چەند فیشەکێکە. لەسەر دەمانچەکەش ناوی ئەو سەرۆک و سەرکردەیە نووسراوە، کە پێی بەخشراوە.
ستارمەر دەمانچەکەى نەبردووە
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ئەسیۆشییەیتد پرێس و ڕۆژنامەی گاردیان، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە ڕۆژنامەوانانی گوتووە، ئەردۆغان دەمانچەی پێداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی یاساکانی وڵاتەکەی ناتوانێت چەک بباتە ناو بەریتانیا، دەمانچەکەی لە تورکیا بەجێهێشتوو.
ڕاوێژکارى ئەڵمانیا دەمانچەکەى بەجێهێشتووە
ئاژنسی دی پی ئەی ئەڵمانییش دەڵێت، فریریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دیارییەکەی وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی ئەڵمانیا ببرێتەوە بۆ ئەڵمانیا، لە ئێستادا لەنێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە دانراوە.
ڤۆن دێر لاین و کۆستا وەریانگرتووە
هاوکات پێگەی پۆلەتیکۆ لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەردۆغان دەمانچەی بە هەریەک لە ئورسوڵا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی کۆنسەی ئەورووپا بەخشیوە.
بەرپرسانى بەلجیکا بەمەرج دەیبەنەوە
بەرپرسێکی ئەورووپی بە پێگەکەی گوتووە، بۆ ئەوەی دەمانچەکان ببنەوە بۆ بەلجیکا، پابەندی ڕێنماییەکان دەبن و دواتریش لە شوێنی تایبەت هەڵدەگیرێت، چونکە یاساکانی هەڵگرتنی دیارییەکی لەو جۆرەیان لەلایەن خودی کەسەکەوە سنووردار کردووە.
مۆڵەتى تایبەت بۆ بردنى دەمانچەکان دەرکراوە
بۆ ئەوەی سەرکردەکانی ناتۆ بتوانن دیارییەکان لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکانیان ببەنەوە، ئەردۆغان مۆڵەتی تایبەتی بۆ دەرکردوون.
دەمانچەکەى سەرۆکوەزیرانى کەنەدا لە کار دەخرێت
بەرپرسانى کەنەداش دەڵێن، ئەو دەمانچەیەى لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشکەشى مارک کارنى سەرۆکوەزیرانى وڵاتەکەیان کراوە، ڕادەستى پۆلیسی پاشایەتى دەکەن، بۆ ئەوەى لەکار بخرێت و لە مۆزەخانەیەکدا دادەنرێت بۆ نمایشکردن.
خاسێتى دەمانچەکە
دەمانچەکە جۆرێکی بەهێزە و بەگوێرەی پێویست دەتوانرێت لولەکەی بکرێتە چوار یان شەش ئینج. مەخزەنەکەى شەش فیشەکی جۆرەکانی 35 و 38 دەگرێت.
دەمانچەکە لە تورکیا و لەلایەن کۆمپانیای چەکی سارسڵمازەوە دروست دەکرێت، کە ئەزموونێکی سەدە و نیوییان لەبواری دروستکردنى چەکدا هەیە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا