میدیای تورکیا: ڕەنگە ئەنقەرە سیستمی ئێس-400ـی ڕووسی بە وڵاتێکی دیکە بفرۆشێت
میدیای تورکیا دەڵێت، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بتوانێت ببێتە خاوەنی فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی، ڕەنگە سیستمی ئێس-400ــی ڕووسی، بە وڵاتێکی دیکە بفرۆشێت.
فرۆشتنى فڕۆکەى ئێف-35
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لە ڕۆژانی حەوت و هەشتی تەمموز لە لووتکەی ناتۆ، چەند جارێک باسی لە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی بە تورکیا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر تورکیا کرد.
دەستبەرداربوونى ئێس-400
بۆ ئەوەی تورکیا بەو دوو ئامانجەی بگات، سەرەتا پێویستە سیستمی بەرگریی ئێس-400ـی ڕووسی بفرۆشێت، کە ساڵی 2017 لە مۆسکۆی کڕی و لە 2019 ڕادەستی کرا.
سزاکانى ئەمریکا کەى دەرچوو؟
هەمان ئەو هەفتەیەی سیستمەکە گەیشتە تورکیا، ئەمریکا بە بڕیارێک تورکیای لە پڕۆژەی کڕینی فڕۆکەی ئێف-35 دەرکرد و ساڵێک دواتریش سزاکای کاتسای بەسەردا سەپاند، کە ڕێگرە لە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی هەستیار بە تورکیا.
سیستمەکە دەفرۆشێت بە کێ؟
ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی دەڵێت، پاش لێدوانەکانی ترەمپ، تورکیا بیر لە فرۆشتنی سیستمە ڕووسییەکە دەکاتەوە و ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە، سیستمەکە بە وڵاتێکی کەنداو بفرۆشرێت.
مۆسکۆ چى دەڵێت؟
لەبارەى هەڵوێستی واشنتن و مۆسکۆش، ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، مۆسکۆ ڕێگر نابێت لەو کارە و ئەمریکاش هیچ کێشەیەکی نییە سیستمەکە بە وڵاتێکی کەنداو بفرۆشرێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا