ترەمپ کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە سووريا لە ليستی وڵاتانی پشتيوانيکاری تيرۆر دەربهێنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا کۆنگرێسی لە نيازی خۆی بۆ دەرهێنانی سووريا لە ليستی وڵاتانی پشتيوانکاری تيرۆر ئاگادارکردووەتەوە، لە نامەيەکی تايبەتيشدا ئەحمەد شەرعی لەو هەنگاوەی ئاگادار کردووەتەوە.
نامەکەى ترەمپ بۆ ئەحمەد شەرع
بڕيارەکەی ترەمپ، دوای کۆبوونەوەی دوێنێی دێت لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووريا، کە تيايدا نيازی خۆی بۆ دەرهێنانی سووريا لە ليستەکە ڕاگەياند.
نامەکە گەیشتووە
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، نامەکە گەیشتووەتە دەستی ئەحمەد شەرع.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆيتەرز، ترەمپ لە نامەيەکدا شەرعی لە بڕيارەکە ئاگادارکردووەتەوە و نووسیویەتی، "بەڵێنمدا هەموو ئەو بەربەستانە لاببەم کە ڕێگریت لێدەکەن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەت زۆر بە زوویی، دەشڵێت، دواجار سوورییەکان دەتوانن ئەو کارە بکەن".
وەبەرهێنانى کۆمپانیا ئەمریکییەکان
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان لە سووریا و هاوکار بن بۆ ئەوەی وڵاتەکە گەورەتر و ئاوەدانتر بێت لە جاران.
45 ڕۆژ پێداچونەوە بە بڕیارەکەدا
گوتوشيەتی "ئێستا پێش ئەوەی بڕيارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کۆنگرێس بۆ ماوەی 45 ڕۆژ پێداچوونەوەی پێدا دەکات".
دواى 45 ڕۆژ چى دەبێت؟
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی ئاگادارکردنەوەکەیان بۆ کۆنگرێس ناردووە، دوای 45 ڕۆژ لەو ئاگادارکردنەوەيە ئەگەر هيچ ناڕەزاييەک نەبێت، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گوتيشی "ئەمە هەنگاوێکی ديکەی مێژوویی سەرۆک ترەمپە بۆ پێدانی دەرفەت بە گەلی سووریا، ئەو بڕيارە پشتگیری لە بوژانەوەی ئابووریی سووریا دەکات لە ڕێگەی فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی".
بڕیارەکە دەرفەتە بۆ سوورییەکان
باسی لەوەشکردووە، بڕيارەکە دەرفەت دەدات بە سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ ، سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو لە ئاشتیدا لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی نەک تەنيا بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان سوودی هەیە.
سیناتۆرەکان چى دەڵێن؟
هاوکات، جیم ڕیش، سيناتۆری ئەمريکی و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران ڕايگەياند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان، کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە، کە بەنيازە سووريا لە ليستی وڵاتانی سپۆنسەری تيرۆر دەربهێنێت.
جیم ڕیش، لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس هیوای خواستووە، ئەو بڕیارە مێژووییە یارمەتیدەر بێت بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سوورییەکان بۆ بوژانەوە و گەشەکردن و دواجار تێپەڕاندنی سەردەمی ستەمکاریی ئەسەد.
بۆچوونى بەرپرسانى باڵاى سووریا
سەفوثت ڕەسلان، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا، پێشوازی لە ڕاگەیێندراوەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، دەرفەتی فراوانتر بۆ وەبەرهێنان و پاڵپشتی لە بوژانەوەی ئابووری دەڕەخسێنێت و يارمەتیی سووريا دەدات لە یەکخستنەوەی وڵاتەکە لەگەڵ ئابووریی جيهانيدا.
1 کاتژمێر پێش ئێستا