ميديای ئێران: دەنگی چەند تەقينەوەيەک لە پارێزگای بوشەهر بيسترا
ئاژانسی فارس نيوزی ئێران ڕايگەياند، دەنگی چەند تەقينەوەيەکی بەهێز لە پارێزگای بوشەهری ئێران بيستراوە، کە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی سڤیلی ئێران دەکەوێتە ئەو پارێزگايەوە.
وێستگەى ئەتۆمى بوشەهر کراوەتە ئامانج
ئیحسان جەهانیان، پارێزگاری بوشەهر ڕايگەياندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـى تەممووز، چەند ناوچەیەک لە پارێزگاکە کراونەتە ئامانج، لەوانە دەوری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، بنکەیەکی سەربازی لە شارۆچکەی چۆغداک و شوێنێکی ماسیگرتن لە باشووری ئەو پارێزگایە، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ زيانێکی گيانی نەبووە.
دەنگەکان لە دوورى 20 کیلۆمەتر بیستراوە
دانیشتووانی شاری چۆغداک کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە وێستگەکەوە دوورە، دەنگی تەقينەوەکانيان بيستووە.
دەستپێکردنەوەى شەڕ
هێرشەکان دوای ئەوەدێن کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەمريکا هێرشەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکردەوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا ڕايگەياند، ئاگربەست کۆتایی پێهاتووە.
ئاژانسى وزەى ئەتۆم هۆشدارى دەدات
پێش ڕاگەياندنی ئاگربەست، هێرشی ديکە کراوەتە سەر وێستگەی بوشەهر، مانگی نيسان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداريدا لەوەی هێرشەکانی نزيک وێستگە ئەتۆمييەکە مەترسيدارن و گوتی، دەبێت دەستبەجێ بووەستێنرێت.
وێستگەى ئەتۆمى بوشەهر
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر پڕۆژەيەکی هاوبەشی ڕووسيا و ئێرانە، نزيکەی 700 ستافی کارکەری ڕووسیی تێدايە، هەرچەندە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێراندا بەشێک لە ستافەکەی کشانەوە، بەڵام بە گوتەی مۆسکۆ هێشتا بەشێک لە کارمەندە ڕووسييەکان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا