یەک لەسەر پێنجی خەڵکی تورکیا بە هاوکاریی دەوڵەت دەژین
بەگوێرەی دوواین ئاماری فەرمی، لە تورکیا لە هەر پێنج کەسێک، یەکێکیان بە هاوکاریی دەوڵەت دەژی و بەبێ ئەو هاوکارییە ناتوانێت درێژە بە ژیانی بدات.
17 ملیۆن پشت بە دەوڵەت دەبەستن
وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا، ڕایگەیاند، 17 ملیۆن و 114 هەزار و 912 هاوڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا، بۆ درێژەدان بە ژیانیان، پشت بە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت دەبەستن.
4 ملیۆن خێزان و لە 19%ى خەڵکى تورکیا
ئەو ژمارە لە خەڵکی تورکیا، یەکسانە بە زیاتر لە چوار ملیۆن و 300 هەزار خێزان و 19%ـی خەڵکی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، واتە لە هەر پێنج کەسێک لە تورکیا، لانی کەم کەسێکیان بەبێ یارمەتییەکانی دەوڵەت، ناتوانێت درێژە بە ژیانی بدات.
26 ملیۆن داواکارییان پێشکەش کردووە
ئاماری فەرمی دەریدەخات، لە ساڵی 2021ـەوە، 26 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا، داوای هاوکارییەکانی دەوڵەتیان کردووە.
بەرواردکاریی تورکیا لەگەڵ فەرەنسا
ئەوەی مایەی سەرنجە، لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا 33.8%ـی سامانی وڵاتەکە بۆ خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت، ئەو ڕێژەیە لە تورکیا تەنیا 11.1%ـە، ئەوەش ئەو پارە کەمە دەردەخات کە تورکیا بۆ خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تەرخانی دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا