بۆنکردنی چۆکلێتی تاڵ توانای وەرزشکردن باشتر دەکات

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، جۆرە جیاوازەکانی چۆکلێت دەکرێت ڕۆڵیان لە باشتربوونی توانای وەرزشکردندا هەبێت.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، بۆنکردنی ئەو چۆکلێتانەی 90%ـیان لە کاکاو پێکدێت، یارمەتیی وەرزشوانانی داوە 18 جار زیاتر بتوانن یاریی لێگ ئیکستێنشن یان کشاندنی لاق بکەن، لەکاتێکدا ئەو بەشداربووانەی بۆنی ئەو چۆکلێتانەیان دەکرد کە شیریان تێدابوو و 60%ـیان کاکاو بوو، نۆ جار زیاتر دەیانتوانی وەرزشەکە بکەن.

توێژەران باسیان لەوەش کردووە، بەشداربووان هیچ ژەمە خۆراکییەکیشیان نەخواردووە لە پێش وەرزشکردن، بەڵام بەوەشەوە بۆنی چۆکلێتی تاڵ توانیویەتی وایان لێبکات توانایەکی باشتریان هەبێت و کەمتر هەست بە ماندووبوون بکەن.

توێژینەوەکە لەسەر 23 پیاوی تەندروست کرا، بەشداربووەکان کران بە سێ بەشەوە و لە پێش و لەکاتی وەرزشی لێگ ئیکستێنشندا، ئاو، چۆکلێت بە شیر یان چۆکلێتی تاڵیان بۆن کردووە.

لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەیەکی بچوکە، بەڵام دەکرێت بەسوود بێت بۆ ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن، چونکە بەبێ ماندووبوونێکی زۆر دەتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر وەرزش بکەن.

پسپۆڕان دەڵێن هۆکاری ئەم کاریگەرییەی بۆنی چۆکلێت بۆ کاریگەرییەکەی دەگەڕێتەوە لەسەر دەروون، چونکە وادەکات هەست بە تێربوون بکەیت.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا