وەزارەتی ناوخۆی عێراق: شەش ملیۆن پارچە چەک تۆمارکراوە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، کۆی ئەو چەکانەی لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە تۆمارکراوە، گەیشتووەتە شەش ملیۆن پارچە چەک و دەشڵێن، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە چەکەکانیان تۆمارکردووە گەیشتووەتە 350 هەزار کەس. 

فراوانکردنى سیستمى تۆمارکردنى چەک

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمساڵ بەنیازی فراوانکردنی سیستیمی تۆمارکردنی چەکە ئەوەش لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا و لە هەموو شار وشارۆچکەکان و شوێنە جیاجیاکان فۆڕم بڵاودەکەنەوە بۆ زیادکردنی چەکە تۆمارکراوەکان، لەوبارەیەوە لیوا مەنسوڕ عەلی بەرێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی چەک بۆ ڕۆژنامەی فەرمی سەباحی ڕاگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ دانانی ستراتیژی کۆکردنەوەی چەک و تۆمارکردن و ڕێکخستنیان.

قۆناغى یەکەم دانانى بانکى نیشتمانی

بەگوێرەی لیوا مەنسوڕ، لە قۆناغی یەکەمی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، دانانی بانکێکی نیشتمانی بووە بۆ چەک کە تیایدا داتای تەواو لەبارەی چەکە حکومییەکان لە تەواوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە وەزارات دانراوە، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگیری، دەستەی حەشدی شەعبی ودەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها چەکی کۆمپانیاکانی سکیوریتی و لایەنەکانی دیکە.

قۆناغى دوو یارمەتیدەرى چەکە دزراوەکانە

دەشڵێت، لە قۆناغی دووەمدا چەکی هاونیشتمانیان تۆمارکراوە کە ئەو هەنگاوە یارمەتیدەرە لەبەدواداچوونی چەکە دزراوەکان.

854 نووسینگە کراوەتەوە هەرێمى کوردستانیشى تێدایە

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 854 نووسینگە لەسەرتاسەری عێراق لەناویاندا هەرێمی کوردستان، کراوەتەوە بۆ تۆمارکردنی چەک، تیایدا مۆڵەت دەدرێت بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ماوەی پێنج ساڵ، دەشڵێت داواکاری پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی خۆڕایی تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 کراوە دەبێت و دواتر داواکارییەکە دەبێتە پارە.

هەفتانە 5 هەزار داواکارى پێشکەش دەکرێت

لیوا مەنسوڕ ڕایگەیاندووە،، هەفتانە چوار بۆ پێنج هەزار هاونیشتمانی داواکاریی پێشکەش دەکەن بۆ تۆمارکردنی چەک و تاوەکو ئێستا 350 هەزار هاوڵاتی وەک سەرۆکخێزان چەکەکانیان تۆمارکردووە، بەڵام لە قۆناغی دواتردا خۆیان دەگەڕێن بەدوای چەکە تۆمارنەکراوەکاندا و دەستیبەسەردا دەگرن.

داتاکان 6000000 ملیۆن چەکى تۆمارکردووە

وەزارەتەکە باسی لەوەکردووە، ئەو سیستمی داتایەی وەزارەتەکەیان هەیانە ئێستا نزیکەی شەش ملیۆن پارچە چەکی جیاواز تۆمارکراوە و سەرجەمیان مۆڵەتیان هەیە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا