د.بڕیار ڕەشید بۆ کەناڵ8: سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان لەسەر کار لادرا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر مەکی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
حەیدەر مەکی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، حەیدەر مەکی، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دانیشتنی لێپرسینەوەدا، پەرلەمان بڕیاری دا سەرجەم دۆسیەکانی پەیوەست بە کارەکانی ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکات.

کۆدەنگیی پەرلەمانتاران لەسەر لادانی

بڕیار ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی حەیدەر مەکی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق لە پۆستەکەی.

ئامادەنەبوونی تۆمەتبار و ناردنی دۆسیەکان بۆ دەستپاکی

بڕیار ڕەشید لەبارەی ئامادەنەبوونی سەرۆکی دەستەکە و چارەنووسی دۆسیەکانی گۆتیشی "لە دانیشتنەکەدا حەیدەر مەکی بانگێشت کرابوو، بەڵام خۆی ئامادە نەبوو". بڕیار ڕەشید لەبارەی ڕەوانەکردنی دۆسیەکان بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت "لە کۆتاییدا بڕیاردرا دۆسیەکانی پەیوەست بە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و پەیوەست بە ئەدای ئەو لە دەستەکەدا ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی عێراق بکرێن".

مێژووی دەستبەکاربوونی حەیدەر مەکی

حەیدەر مەکی لە 22ـی کانوونی دووەمی 2023ـەوە وەک سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق دەستبەکار بووە و ئەوکات لە وتاری دەستبەکاربوونیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی کارنامەی حکومەتەکەی سوودانی کار بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و چارەسەری کێشەکانی ڕابردوو دەکات، ئەوکات بانگەشەی ئەوەی کرد بەرەنگاری گەندەڵی دەبێتەوە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا