عەلی زەیدی: کۆتایی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەهێنین
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیمانەیەکی میدیاییدا دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی وەک مووچە و داهات و دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە عێراق و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەن و هاوکات دەنگۆی کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی ئۆپیک ڕەتدەکاتەوە و جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان دەکاتەوە.
پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە لە دیمانەیەکی لەگەڵ میدیای عەرەبیدا باسی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە عێراق.
کۆتاییهێنان بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان
عەلی زەیدی لەبارەی دۆسیە دارایی و کارگێڕییەکانەوە ڕاشیگەیاندووە، کۆتایی بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنن، لەکاتێکدا ناردنی مووچە و داهاتی نانەوتی و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دادەنرێت.
پێگەی عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپیک
عەلی زەیدی لەبارەی دەنگۆکانی کشانەوەی عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپیک، دەنگۆی کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی ئۆپیک ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، عێراق لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپیک) ناکشێتەوە.
بەردەوامیی هەڵمەتی دژە گەندەڵی
عەلی زەیدی لەبارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، بۆ ئازادکردنی گەندەڵکاران یاخود وەستاندنی هەڵمەتەکە، نە پەیوەندیی ناوخۆیی و نە پەیوەندیی دەرەکی نایوەستێنێت و سوودی نابێت.
دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارانی گەندەڵی دەشڵێت، دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ئاشکراکردنی ناوی دیکەی تێوەگلاو و دڵنیایی داوە فەرمانی دەستگیرکردنەکان بۆ تۆمەتباران بەگوێرەی ڕێکارە یاساییەکان بووە و دراوەتە دەستی حکومەت، بەوپێیەی ئەوان لایەنی جێبەجێکارن.
تاکە بژاردەی گەندەڵکاران
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ناوچەی سەوز ئاشکراشیکردووە، بەکارهێنانی تانک لە هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ داخستنی ناوچەی سەوز بووە و ڕوونیکردەوە، گەندەڵکاران تەنیا بژاردەیان گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکان
عەلی زەیدی لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە ڕایگەیاندووە، هۆکاری مانەوەی چەک لای بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان ئەوەیە کە وا هەست دەکەن هێزی بیانی لە عێراق ماون، گوتیشی، بەرنامەیەک دادەنێن بۆ ڕادەستکردنی چەک و کاری گرووپەکان.
سیاسەتی نەختینەیی و دۆلار
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مامەڵەکردن بە دۆلارەوە باسی لەوە کردووە، ئەو دۆلارانەی کە دێن بەگوێرەی پێوەرەکانی بانکی ناوەندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، گوتیشی، پێویستییەکانی عێراق لە پارەی کاش، لەسەرەتای هەموو ساڵێک دیاریدەکرێت.
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەغداد
عەلی زەیدی لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ ڕاشیگەیاندووە، لەنێوان بەغداد و واشنتن هاوپەیمانییەکی ئابووریی سیاسی ڕادەگەیەنرێت و باسی لەوە کردووە، هەوڵدەدەن بۆ لێکنزیککردنەوەی ئێران و ئەمریکا، گوتیشی، عێراق خاڵی بەیەکگەیشتنە نەوەک گۆڕەپانێک بۆ دوژمنکاری، هەربۆیە ناچنە هیچ بەرەیەکەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا