شاردنەوەی پارە لەناو ئاوەڕۆ؛ وردەکاریی نوێ لەبارەی گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی ئاشکرا دەکرێن
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە نوێترین پێشهاتدا دەربارەی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، دەستبەسەرداگرتنی 14 ملیار دیناری دیکەی ڕاگەیاند، کە لەناو تۆڕێکی ئاوەڕۆدا شاردرابووەوە، بەمەش کۆی گشتیی پارە و سامانە گەڕێندراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەیشتە زیاتر لە 141 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار.
دۆزینەوەی 14 ملیار دینار لەناو تۆڕی ئاوەڕۆدا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارە و سامانە بەهەدەردراوەکان بڵاویکردەوە، لە پرۆژەکانی جومەیلی و کەسانی دیکەی تێوەگلاو لە دۆسیەکەدا، توانراوە 14 ملیار دیناری دیکە بدۆزرێتەوە کە لە کیسەدا و بە شێوەیەکی نهێنی لەنێو تۆڕێکی ئاوەڕۆدا شاردرابووەوە.
لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن
ئەنجوومەنەکە لەبارەی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان گوتی، ئەو بڕە پارە زۆرە لەناو بیرێکی ئاوەڕۆدا دۆزراوەتەوە و جەخت دەکەنەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە سەرجەم تێوەگلاوان لە دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت.
قەبارەی ئەو سامانانەی بۆ دەوڵەت گەڕێندراونەتەوە
بەگوێرەی ئەو سامان و پارانەی تاوەکو ئێستا لەلایەن لایەنە فەرمییەکانی عێراقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بڕەکە گەیشتووەتە 141 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار، هەروەها ژمارەیەک موڵک و ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 8 کیلۆگرام زێڕیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
کەی و چۆن عەدنان جومەیلی دەستگیر کرا؟
ڕۆژی 30ی ئایاری 2026، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیی دارایی و ئیداری لە پاڵاوگەی بێجی، لەلایەن هێزێکی تایبەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانەوە، لە ناوچەی ئیسحاقی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر کرا و لە لێکۆڵینەوەکاندا جومەیلی ناوی دەیان کەسی دیکەی درکاندووە.
67 کەس دەستگیرکراون
حکومەتی عێراق لەبارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 22 کەس کە زۆرینەیان پەرلەمانتارن و موسەننا سەمارائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمیشیان تێدایە، دەستگیر کراون، بەڵام میدیاکان دەڵێن ژمارەکە زۆر زیاترە و 67 کەس دەستگیر کراون.
شوێنە جیاوازەکانی شاردنەوەی پارە و زێڕ
ئەو شوێنانەی پارە و زێڕەکانی تێدا دۆزراوەتەوە بەم شێوەیە بوون:
- دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار و 5 کیلۆگرام زێڕ لەناو بوتڵی ئاوی پلاستیکی لە ماڵی جومەیلی لە تکریت.
- دۆزینەوەی 5 ملیۆن دۆلار و چەند ملیار دینارێک لەناو تەنووری نانکردندا.
- دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 20 ملیار دینار لە کێڵگەیەکدا.
- دەستبەسەرداگرتنی 24 ملیار دینار لە قووڵایی 4 مەتر لەژێر زەویدا.
- دۆزینەوەی بڕی 3 ملیۆن دۆلار و 700 ملیۆن دینار لە ماڵەکەیدا.
- دەستبەسەرداگرتنی 14 ملیار دینار لەناو یەکێک لە چاڵەکانی ئاوەڕۆی باراندا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا