دوای 7 ڕۆژ تەرمی ئەو نەوجەوانە دۆزرایەوە کە لە زێی بچووکدا خنکابوو؛ لە هەفتەیەکەدا 4 حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کاتی دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی وسام بەرزان لە زێی بچووک لە سنووری پارێزگای کەرکووک
کاتی دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی وسام بەرزان لە زێی بچووک لە سنووری پارێزگای کەرکووک

تەرمی ئەو نەوجەوانە 17 ساڵانەی ڕۆژی هەینیی (3/7/2026) ڕابردوو لە زێی بچووک خنکا، دوای حەوت ڕۆژ لە گەڕانی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییان دۆزرایەوە، بەمەش ئاماری خنکان لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە سنووری کەرکووک گەیشتە 4 حاڵەت.

دۆزینەوەی تەرمەکە

پەیامنێری کەناڵ8 ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی نەوجەوانەکە دۆزراوەتەوە کە ناوی وسام بەرزانە، خەڵکی حەویجەیە و تەمەنی 17 ساڵە.

ناسنامە و پیشەی قوربانییەکە

بەگوێرەی زانیارییەکان، وسام بەرزان، خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە و لە شاری کەرکووک بە ماتۆڕ کاری دیلیڤەری کردووە، هەینیی ڕابردوو لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی چووەتە شارەدێی پردێ لە زێی بچووک مەلەی کردووە و خنکاوە.

پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەکەدا

پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی هەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمەکەوە ڕایگەیاند، لە هەینیی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ژمارەیەک لە خۆبەخشان و هاونیشتمانییانی سنوورەکە، بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەدا و ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە.

ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکان

پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی ڕێکارەکانی دوای دۆزینەوەی تەرمەکە ڕایگەیاند، لە ئێستادا تەرمەکەی ڕادەستی پۆلیسی پردێ کراوە و دواتر دەبرێتە پزیشکی دادی لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک و ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.

ئامارەکانی خنکان لە کەرکووک

بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەینیی ڕابردووەوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک چوار کەس خنکاون، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 15 حاڵەتی خنکان لە سنوورەکە تۆمار کراون.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا