دوو کوڕ و برازایەکى خورشید هەرکى ئازادکران
پاش پێنج ڕۆژ لە دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە، دوو کوڕ و برازایەکی خورشید هەرکی ئازاد کران.
هۆکاری ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان
پەیامنێری کەناڵ8 لە هەولێر لەبارەی ناسنامەی ئازادکراوەکانەوە ڕایگەیاند، هەریەک لە میران و ڕەیان خورشید و نەشئەد حەیدەر پاش وەرگرتنی گوتە لێیان ئازاد کران، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەلایەن دادگای پارێزگای هەولێرەوە داوا نەکراون. لە هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و براکەی، ئەو 3 گەنجەش دەستگیر کرابوون. بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای لە سنووری شارۆچکەی خەبات دەستگیر کران.
تێبینییە یاسایییەکان لەسەر ڕاگەیەندراوی پۆلیس
پۆلیسی هەولێر لەبارەی ناونانی دەستگیرکراوەکانەوە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وشەی "تاوانبار" بۆ هەردووکیان بەکار هاتووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی ماددەی 19 بڕگەی 5 لە دەستووری عێراق، "تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی لەسەر دەسەلمێنرێت"، بۆیە بەکارهێنانی وشەی تاوانبار پێش بڕیاری دادگا وەک پێشێلکارییەکی یاسایی لێک دەدرێتەوە.
تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و سزای لەسێدارەدان
یاسای سزادان لەبارەی تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بۆ هەردوو براکە دەڵێت، یەکێک لە قورسترین ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، "شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاونیشتمانییەک"ـە لە ڕووداوەکەی 8ی تەممووزی 2025. بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای ئەم کردەوەیە دەگاتە "لە سێدارەدان"، بەتایبەت کە چەند بارودۆخێکی توندکردنی سزا لە ڕووداوەکەدا بوونی هەیە.
تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی گشتی
یاسای سزادان لەبارەی تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت دەڵێت، بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 (یاسای ڕێگری لە زیادەڕۆیی)، ماددەی 11 سزاکەی بە بەندکردن بۆ ماوەیەک دیاری کردووە کە لە 1 ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن (غەرامە) لەنێوان 3 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار، جگە لە تێچووی لابردنی زیادەڕۆییەکە.
سووتاندنی کەلوپەلی سەربازی و هاندانی خەڵک
یاساکە لەبارەی تۆمەتی سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، بەپێی ماددەی 342 بڕگەی 1 و 2، سزاکەی لەنێوان زیندانی "هەتاهەتایی یان کاتی"دایە. هەروەها سەبارەت بە هاندانی خەڵک دژی یاسا، بەپێی ماددەی 212ی یاسای سزادان، سزاکەی بەندکردنە ئەگەر ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی گشتی.
زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری و ئاسایش
یاسای سزادان لەبارەی هەڕەشەکردن بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابووری دەڵێت، یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 (کە ماددەی 156ی هەموار کردووەتەوە) جێبەجێ دەبێت؛ هەر کەسێک بە ئەنقەست زیان بە ئاسایش و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێم بگەیەنێت، بە زیندانی "هەتاهەتایی یان کاتی" سزا دەدرێت. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆژە حکومییەکان، ماددەی 197 سزای زیندانی کاتی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بۆ داناوە.
داهاتووی یاساییی خورشید هەرکی و براکەی
بەگوێرەی کۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، ئەگەر لە دادگا بسەلمێنرێن، خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێننەوە. لەم جۆرە تاوانانەدا تەنانەت لێخۆشبوونی گشتیش نایانگرێتەوە، مەگەر مافی کەسیی (کەس و کاری کوژراوەکان) نەمێنێت و تەنیا لە مافی گشتی خۆشببن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا