عێراق و ئەمریکا پەرەپێدانی هاوبەشی کەرتی نەوت و گاز و وزە تاوتوێ دەکەن

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد
باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد

وەزیری نەوتی عێراق و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، پەیوەندیی هاوبەشیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و وزە و تاوتوێ کرد، هاوکات وەزارەتی نەوت لە چوارچێوەی پلانی ستراتیجیدا، گرێبەستی نوێی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن و هالیبێرتۆنی ئەمریکی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان واژۆ کرد.

پەیوەندیی هاوبەشی کەرتی نەوت و گاز

وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ 9ی تەمموزی 2026، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کردووە و هەردوولا پەیوەندیی هاوبەشیان لە کەرتی نەوت، گاز و وزە تاوتوێ کردووە، بەو جۆرەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەمریکا و عێراق دەکات.

کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، لە عێراقدا حەوت کۆمپانیای ئەمریکی لە کەرتی نەوتی عێراقدا کار دەکەن، ئەوانیش: ئێچ کەی ئێن، شیڤرۆن، ئیکسۆن مۆبیل، هالیبێرتۆن، سی ئێڵ بی، وێزەرفۆرد و بەیکەر هاگز.

واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکان

وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانەوە ڕایگەیاند، هەر ئەمڕۆ 9ی تەمموز، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرینی لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکی واژۆ کرد و لە ڕۆژی 5ی تەمموز، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی دیکەی پێنج ساڵەی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی "بن عومەر و سەندباد"ی لەگەڵ کۆمپانیای هالیبێرتۆنی ئەمریکی واژۆ کرد.

ئامانجی گرێبەستە ستراتیجییەکان

وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ئامانجی ئەم هەنگاوانەوە ڕایگەیاند، ئامانج لەم هەنگاوە، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و گازی سروشتییە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیجیی کابینەی حکومەتی فیدراڵیدا.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا