واشنتن شوێن بە ڕکابەرەکانی لێژ دەکات؛ وردەکاریی کار و چالاکیی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم
ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی کۆمپانیاکانی لە کەرتی وزەی عێراق چڕکردووەتەوە، بە شێوەیەک کە ئێستا 28 کۆمپانیا لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. ئەم جموجۆڵە ستراتیژییە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی وەبەرهێنان و دوورخستنەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەیە لە ڕێگەی واژۆکردنی چەندین گرێبەستی گەورەی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری.
فراوانبوونی دەسەڵاتی ئابووریی ئەمریکا
تاوەکو دێت پێگە و هەژموونی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە عێراق زیاتر دەبێت و شوێن بە کۆمپانیا نەوتییەکانی وڵاتانی دیکە لێژ دەکەن. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبەرامبەر پشتیوانییەکانی بۆ حکومەتی نوێی عێراق، دەیەوێت ڕۆڵ و پێگەی کۆمپانیاکانی بەهێزتر بێت و دەرفەتی لەپێشینە بۆ کۆمپانیاکانی بێت بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گاز.
پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرین
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (ئێس کەی ئێن)ی ئەمریکی واژۆکرد، بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین.
ئامانجە ستراتیژییەکانی وەزارەتی نەوت
باسم محەممەد حزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی واژۆکردنی گرێبەستەکەوە ڕایگەیاند، واژۆکردنی ئەم گرێبەستە، هاوتەریبە لەگەڵ دید و ستراتیژی حکومەت بۆ باشترین وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و دەستەبەرکردنی پێداویستی ناوخۆیی و زیادکردنی ئاستی هەناردەکردن.
ئاستی بەرهەمهێنانی چاوەڕوانکراو
بەگوێرەی گرێبەستەکە، لە 5 ساڵی داهاتوودا تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی دەگەیەنرێتە 140 هەزار بەرمیل نەوت و 40 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی گازی سروشتی.
ژمارەی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان
ژمارەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کار دەکەن دەگاتە 28 کۆمپانیای ئەمریکی کە لە بواری خزمەتگوزاریی نەوت و گاز، تەکنەلۆجیا، پەرەپێدان و ئەندازیاریی ژێرخانی کێڵگەکانی نەوت و گاز کار دەکەن.
دیارترین کۆمپانیاکانی کەرتی خزمەتگوزاری
لە دیارترین کۆمپانیاکانیش بریتین لە ئیکسۆن مۆبیل، هالیبرتۆن، شلۆمبێرگەر، بیکەرهیوز، کەی بی ئاڕ، وێزەرفۆرد، وودگرووپ، هانیوێل و چەندین کۆمپانیای دیکەی بواری خزمەتگوزاری و بەڵێندەرایەتیی ناوەندی.
شیفرۆن لە کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە
کۆمپانیای شیفرۆن، دیارترین کۆمپانیا ئەمریکییەکانە کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی بەسڕە. لەوانەش کێڵگەی (ڕۆژئاوای قوڕنەی 2) کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان و 0.5%ی دابینکردنەکانی نەوتی جیهان و 10%ی بەرهەمی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت.
گرێبەستی نوێی هالیبرتۆن لە باشوور
هەروەها حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (هالیبرتۆن)ـی ئەمریکی بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی لە باشووری عێراق واژۆ کرد.
کێڵگەی بن عومەر و ئاسۆی بەرهەمهێنان
کێڵگەکانیش بریتین لە کێڵگەی (بن عومەر) کە بڕیارە لە 5 ساڵی داهاتوودا بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە بگاتە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
کێڵگەی سندیباد و پەرەپێدانەکان
کێڵگەی دووەمیش بریتییە لە کێڵگەی (سندیباد) کە چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش بۆ 80 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرزببێتەوە.
گەڕانەوەی ئیکسۆن مۆبیل بۆ کێڵگەی مەجنوون
حکومەتی عێراق لە ئابی ساڵی ڕابردوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسڕە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بۆ ماوەی 2 ساڵ عێراقی جێهێشت.
هاوبەشی لە داهات و ژێرخان
گرێبەستەکە پەرەپێدانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە باشوور دەگرێتەوە، جۆری گرێبەستەکەش هاوبەشییە لە داهات.
خزمەتگوزارییە ئەندازیارییەکانی کەی بی ئاڕ
کۆمپانیای (کیلۆگ براون ئاند ڕوت)، (کەی بی ئاڕ)ی ئەمریکی، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسڕە هەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئەندازیاریی گشتگیر لە بواری هەڵکەندن و بەرهەمهێنان، بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و پرۆسەکان و نۆژەنکردنەوە لە کێڵگەی نەوتی مەجنوون.
وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ
کۆمپانیای بیکەرهیوز، یەکێکی دیکەیە لەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە و کاردەکات بۆ وەبەرهێنان لە گازی سروشتیی هاوەڵ لە هەردوو کێڵگەی غەڕاف و ناسریە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستانیش کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی وەبەرهێنانی وزە هەیە، کۆمپانیای (کەی ئێچ ئێن)ی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەترووش لە سنووری دهۆک و کێڵگەی گازی میران لە سنووری سلێمانی کاردەکات.
کۆمپانیای هانت ئۆیڵ لە دهۆک
کۆمپانیای هانت ئۆیڵ لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک کاردەکات.
وەبەرهێنانەکانی وێستەرن زاگرۆس لە گەرمیان
هەروەها کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئەمریکی کەنەدییە، لە هەردوو کێڵگەی تۆپخانە لە سنووری قادرکەرەم و کوردەمیر لە سنووری سەنگاو وەبەرهێنان دەکات.
کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان
- کۆمپانیای شیفرۆن لە کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنەی 2
- کۆمپانیای هالیبرتۆن لە کێڵگەکانی بن عومەر، سندیباد
- کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی نەوتیی مەجنوون
- کۆمپانیای کەی بی ئاڕ لە کێڵگەی نەوتی مەجنوون
- کۆمپانیای بیکەرهیوز لە کێڵگەکانی غەڕاف، ناسریە
- کۆمپانیای کەی ئێچ ئێن لە کێڵگەی نەوتی ئەترووش و کێڵگەی گازی میران
- کۆمپانیاى هانت ئۆیڵ لە کێڵگەى نەوتى شێخان
- کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس لە کێڵگەکانی تۆپخانە، کوردەمیر
3 کاتژمێر پێش ئێستا