کابینەى نۆیەم لە جێبەجێکردنى پرۆژەکانى ئاو جیاوازیى کردووە
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنیدا، لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا جیاوازیی لە نێوان پارێزگاکاندا کردووە، بە جۆرێک داتاکانی حکومەت دەریانخستووە زۆرترین پڕۆژە و بودجەی ئاو بۆ هەولێر و دهۆک تەرخانکراون و کەمترینیشیان بەر سلێمانی و هەڵەبجە کەوتوون.
ناهاوسەنگی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنیدا، لە چەندین کەرت و بواری خزمەتگوزاریدا، جیاوازیی لە نێوان پارێزگاکاندا کردووە و نەیتوانیوە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هاوسەنگی ڕابگرێت و بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان بکات.
جیاکاری لە تەرخانکردنی بودجەدا
تەنانەت لە تەرخانکردنی بودجەش بۆ پڕۆژەکان جیاوازیی کردووە، ئەو پڕۆژانەی خۆی مەبەستی بووە پارەی بۆ تەرخانکردوون و زوو تەواوکراون، ئەو پڕۆژانەشی خۆی مەبەستی نەبووە وەک پێویست بودجەیان بۆ تەرخاننەکراوە و کۆمپانیاکان بەهۆی وەرنەگرتنی سولفە چەندین جار ناچاربوون کارەکانیان ڕابگرن.
دواکەوتنی پڕۆژەکانی سلێمانی
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، سەرباری کەمیی پڕۆژە، ئەو پڕۆژانەشی بڕیاریان لێدراوە، بەگوێرەی پێویست و لە کاتی خۆیدا پارەیان بۆ تەرخاننەکراوە و چەندین ساڵ دواکەوتوون.
داتاکانی کابینەی نۆیەم وەک بەڵگە
هەر لە بواری ڕێگەوبانەوە بگرە تاوەکو پڕۆژەکانی گەیاندنی ئاو و کارەبا و چەندین سێکتەری دیکە جیاوازیی دەبینیت، داتاکانی خودی کابینەی نۆیەم بەڵگە و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە جیاوازیی گەورە لە نێوان هەولێر و سلێمانی کراوە.
ڕاپۆرتی فەرمیی پڕۆژەکانی ئاو
بەگوێرەی داتایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، جیاوازی هەیە لە نێوان بودجەی تەرخانکراو و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو لە نێوان هەولێر و سلێمانی، بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، زۆرترین پڕۆژەی ئاو لە سنووری هەولێر و دهۆک جێبەجێکراوە و کەمترین لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێکراوە.
پڕۆژەکانی ئاو لە هەولێر
داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی پڕۆژەکانی ئاوەوە پێمان دەڵێن، 8 پڕۆژەی ئاو لە هەولێر جێبەجێکراون و 3 پڕۆژەیان تەواوکراون، 3 پڕۆژەیان نزیکن لە تەواوبوون و 1 پڕۆژەیان لە دەستپێکردووە.
تێچووی پڕۆژەکانی هەولێر
کۆی گشتیی بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە هەولێر، 1 تریلیۆن و 552 ملیار دینار بووە.
پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سلێمانی
لەبەرامبەردا لە سلێمانی، تەنیا 4 پڕۆژەی ئاو دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، بەهۆی دابیننەکردنی بودجەوە هیچ پڕۆژەیەکیان تەواو نەکراون.
جیاوازیی قەبارەی بودجەی هەردوو پارێزگا
لە بودجەی پڕۆژەکانیشدا جیاوازییەکە گەورە و بەرچاوە بەجۆرێک کۆی گشتیی بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە سلێمانی 713 ملیار دینارە، واتە کەمتر لە نیوەی ئەو بودجەیەی بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە هەولێر تەرخانکراوە.
نموونەی پڕۆژە خێراکانی هەولێر
بۆ نموونە، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر بە تێچووی 720 ملیار دینار لە مانگی ئەیلوولی 2024 بەردی بناغەی بۆ دانرا و لە ماوەی کەمتر لە 2 ساڵدا تەواوکرا.
پڕۆژەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ و گرفتی بودجە
لەبەرامبەردا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، کە ئاو لە زێی بچووکەوە وەردەگرێت بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری لە 12ـی ئابی 2024 بە بودجەی 114 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کراوە بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە چەند جارێک کارەکانی وەستاوە، تاوەکو ئێستاش جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 40%.
بێئاویی چەمچەماڵ و ناوچەی ئەنفالکراوان
ئەم پڕۆژەیە کە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ، تەکیە و ئاغجەلەر دابین دەکات، بەهۆی تەواونەبوونیەوە دانیشتووانەکەی 10 بۆ 12 ڕۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە و هاوینان ناچارن ئاو بکڕن، ئەمەش حاڵی ناوچەیەکە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا