ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەرهێنانی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی سپۆنسەری تیرۆر

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە شاری دیمەشق لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. فۆتۆ: AFP
دیمەنێک لە شاری دیمەشق لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. فۆتۆ: AFP

بڕیاری لابردنی سووریا لە لیستی وڵاتانی سپۆنسەری تیرۆر وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و واشنتن هەژمار دەکرێت. ئەم هەنگاوە نەک تەنیا کۆتایی بە گۆشەگیریی سیاسی دەهێنێت، بەڵکو دەبێتە کلیلێک بۆ بووژانەوەی ئابووری، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وێرانبووی ئەو وڵاتە لە دوای ساڵانێکی درێژ لە جەنگ.

ڕەهەندە نوێیەکانی سەقامگیری

لابردنی سووریا لە لیستی ئەمریکا وەک سپۆنسەری تیرۆر، کە بە SST ناسراوە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سەقامگیریی وڵاتەکە دەبێت و گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ گەشاندنەوەی ئابووری، توانای سەربازی و بەرگری و دیپلۆماسییەکانی.

شکاندنی گۆشەگیریی ئابووری

یەکێک لە گەورەترین بەربەستە یاساییە سەرەتاییەکانی بەردەم سووریا، دەستنیشانکردنی بوو لەم لیستەی ئەمریکادا، کە وڵاتەکەی لە سیستمی ئابووریی نێودەوڵەتی دوورخستبووەوە. کاریگەریی لابردنی لەو لیستەدا، بەمانای کردنەوەی دێت بەڕووی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیدا، چیدیکە کۆمپانیا و بانکە جیهانییەکان دەتوانن ڕوو لەو وڵاتە بکەن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

کۆتاییهاتنی سزا توندەکانی واشنتن

ئەم لابردنە مەترسیی سزا لاوەکییە توندەکان لادەبات، ئەمەش وادەکات دامەزراوە بیانییەکان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیاتر ئامادەبن بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی سووریا، ئەمە جگە لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییە دەرەکییەکان، لەوانە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی نێودەوڵەتی، کە سووریا دەتوانێت سوودمەند بێت لێی.

بەڵێنەکانی وڵاتانی کەنداو بۆ ئاوەدانکردنەوە

لە ئێستاوە وڵاتانی کەنداو، لەوانە سعوودیە و قەتەر، بەڵێنی پشتگیریی داراییان داوە و باس لە گرێبەستی چەند ملیۆن دۆلاری دەکرێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی بەندەرە بازرگانی و نیشتمانی و تۆڕی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە.

ئاسانکاری لە هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان

ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی مامەڵە داراییەکان و ئیدی دامەزراوە بانکییە نێودەوڵەتییەکان ئازادتر دەبن لە بەئەنجامگەیاندنی مامەڵە جیهانییەکان لە سووریا، ئەمەش بە شێوەیەکی زۆر تێچوو و بەربەستە یاساییەکان بۆ هاوردەکردنی کاڵای سەرەتایی و دەرمان و پێداویستییە گرنگەکان کەمدەکاتەوە.

دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان

خاڵێکی دیکەی ئەرێنی دوای لابردنی سووریا لەو لیستەدا، دەستڕاگەیشتنە بە هاوکارییە دەرەکییە ڕاستەوخۆکان، بەمەش ئەو سنووردارکردنانە نامێنن کە ڕێگری دەکەن لە چوونە ناوەوەی یارمەتیی ڕاستەوخۆی حکومەتی ئەمریکا، لە بودجەکانی گەشەپێدان و یارمەتییە مرۆییەکانی ئەو وڵاتەدا.

گەڕانەوە بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان

لە سەرووی هەمووشیەوە، ئەم هەنگاوە ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی سووریا پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییە فەرمییەکان لەسەر ئاستی جیهانی دابمەزرێنێتەوە.

لوتکەی ئەنقەرە و بڕیارە مێژووییەکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بڕیاری لابردنی ناوی سووریا لە لیستی تیرۆر، لە لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە و لەمیانی دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بڕیارەکەی ڕاگەیاند؛ دوابەدوای ئەوەش دەستبەجێ لیژنەی یاسایی لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئاگادارکراونەوە کە دەست بە ڕێکارەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم هەنگاوەی بە بەرەوپێشچوونێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن ناوبرد.

وردەکاریی سزاکانی لیستی وڵاتانی سپۆنسەری تیرۆر

ئەو وڵاتانەی لەو لیستەدا دانراون، ئەمریکا دەتوانێت 4 جۆر سزای سەرەکییان بەسەردا بسەپێنێت، کە بریتین لە قەدەغەی گەیشتنی هاوکارییە بیانییەکان، قەدەغەی فرۆشتنی چەک و هەناردەی کەرەستەی تایبەت و سزای دیکەی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووریش دەگرێتەوە.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا